ئاوات حەسەن: هەوڵێک لە ئارادایە خۆپیشاندان بە ڕێگا چارەی ئەمنی سەرکوتبکرێت

ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی، ئاوات حەسەن ئاشکرای کرد بە پارێزگاری سلێمانی وتراوە رێگا چارەی ئەمنی لەدژی خۆپیشاندانەکەیان بگیرێتە بەر، بەڵام پارێزگاری سلێمانی رەتیکردۆتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی سپی، لەگەڵ ئاوات حەسەن ئەندامی دەستەی  مامۆستایانی ناڕازی ئاشکرایکرد "لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان کە وەزیر ئامادەبووە بە بەڕێز پارێزگار سلێمانی سەردار قادریان وتووەو رایانسپاردووە" رێگا چارەی ئەمنی بەرامبەریان بگیرێتە بەر"
نابراو دەڵێت" پارێزگاری سلێمانی رازی نەبووەو وەڵامی داونەتەوەو وتویەتی" ئەگەر فشاری لێبکەن خۆی دەچێتە نێو خۆپیشاندانەکانەوە، چونکە مامۆستایان ژیانیان نییە، مووچەیان نییە، سوتەمەنیان نییە، ناکرێت ئازادیشیان لێ زەوت بکرێت بەناوی ئەوەی پشێووی دروستدەکەن". 

ئاوات حەسەن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پیلانێکی لەو چەشنە لە ئارادایە.

سەبارەت بە سووتانی ئۆتۆمبیلی دوو ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، ئەو ئەندامەی دەستەی مامۆستایانی ناڕزای  دەڵێت " دەستوخەتی حیزبە چەواشەکارەکان و دەسەڵات لەم رووداوەدا زۆر بەروونی دەردەکەوێت، بەتایبەتی دوو ئۆتۆمبیلی مامۆستایان لەیەک کاتدا لە دوو شوێنی جیاواز بەهەمان رێکار دەسوتێنرێن".

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر ئەم پرسە وتی" دەسەڵات چارەسەرێکی زۆر نا عەقڵانی و مەنتیقی دژی مامۆستایانی گووڵ بەدەست بەکارهێنا، پێمانوایە دەسەڵات هەڵسا بەم کارە قیزەونە بەسوتانی ئۆتۆمبیلی مامۆستای گووڵ بەدەست، ئێمە کە تا ئێستا پێمانوایە دەسەڵاتەو، ئەو کارە کەسانی تری و هاوڵاتیانی تووڕەتر کرد".
 

ئاوات حەسەن راڤەی خۆی بۆ دەسەڵات دەکات و، دەڵێت" وەک خۆم شتێک لای من نەماوە ناوی حکومەت بێت، کۆمەڵێک دەسەڵاتدار حوکمی کوردستان دەکەن، لە کەیسی سووتانی ئۆتۆمبیلەکان، ئێمە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتداران پلان داڕێژەرو ئەنجامدەری کارە دەدۆزنەوەو رادەستی دادگای دەکەن، دەسەڵاتداران بە بەرپرس دەزانین بە مانا گشتیەکەی".

بەڕێوەبەری گشتی پەروردەی سلێمانی رایگەیاند، بەیانی دەرگای قوتابخانەی دەکرێنەوە، مامۆستایانی ناڕزای رای پێچەوانەی ئەم ئاراستەیەیان هەیە، لەو بارەیەوە ئاوات حەسەن دەڵێت" ئێمە بەهیچ شێوەیەک رازی نین و پابەند نابین بە بڕیاری هیچ لایەن و کەسێکەوە، لە بچووکترین بەرپرس تا سەرۆکی حکومەت، ئێمە خۆمان وەک مامۆستایانی ناڕزای بایکۆتمان راگەیاندووەو، پابەندین بە بڕیاری خۆمانەوە، ئەگەر داواکاریەکانمان جێبەجێنەکرێت، لەژێر هیچ فشارێکدا چۆک دانادەین و بایکۆت ناشکێنین، لەمەلاولا هەندێک رێکخراو گرووپ و دەستەو تاقم دەسەڵات بەکاریان دەهێنێت، ئەوانە خاوەنی بایکۆت نین و بەیاننامەو یاداشتیان نییە، تا بایکۆتیان راگەیاندبێت، شتێکیش کە نەیانبێت ئێستا چۆن دەیشکێنن".

" کەس بایکۆتی رانگەیاندووە تا بیشکێنیت، ئەمانە داردەستێکی دۆڕاوی دەسەڵاتن دەیانەوێت دژی ئەم خەباتە مەدەنییە بەکاریان بهێنن"، وەک ئاوات حەسەن رایگەیاند.

ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە خۆپیشاندانی رۆژی پێنج شەممە بەردەوامە " پێنج شەممە خۆپیشاندانێکی زۆر زۆر گەورە دەکەین، دەسەڵات بەهیچ شێوەیەک بایکۆتیان پێ ناشکێت، تا داواکاریەکانی ئێمە جێبەجێ نەکەن".

ئاوات حەسەن ئاشکرای کرد خۆپیشاندانی پێنج شەممە بەپێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی پێشوەوە، لە چوارچێوەی کاری یاسایی و مەدەنیدا جوڵەی تێدا دەبێت و شێوازەکەی دەگۆڕن و ماوەکەشی درێژتر دەکەنەوە ، ئاوات حەسەن ئامادە نەبوو ئەو شوێنە دیاری بکات کە خۆپیشاندانەکەی ئاراستە دەکەن.



PM:08:43:29/11/2016