مامۆستایانی پشدەر‌و بتوێن هەڵوێستی خۆیان لەسەر بایكۆتی خوێندن راگەیاند


ئەمیرحەسەن - ڕانیە
ڕۆژی۵شەممە بەرواری 15 / 12 / 2016  کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی پشدەر و بتوێن لە (خوێندنگای ئامادەی کۆبانێ)لە ڕانیە ئەنجامدرا.

لەکۆبونەوەکەدا سەرەڕای تەئکیدکردنەوە لەسەر ئەوەی کە سەرجەم مامۆستایان هەر لەسەرەتاوە بە ویستی خۆیان و بۆداواکردنی مافی ڕەوای خۆیان بڕیاری بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنیان داوە و هەر ئەوانیش خۆیان ئازادن و دەتوانن بڕیار لەسەر چونەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن بدەن، هەروەها لەکۆبونەوەکەدا بەکۆی دەنگی هەردوو دەستەکە بڕیارلەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:
۱- بایکۆت بەردەوامەو درێژەی هەیە تا وەڵامدانەوەی داواکاریەکانی مامۆستایان و بەبڕوای ئێمە وەرزی یەکەمی خوێندن لەکوردستان فەشەلی هێناوەو ئەمەش لەمێژوی گەلەکەماندا پەڵەیەکی ڕەش دەبێت بە ناوچەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەهۆی ئەو هەموو خەم ساردی و بێباکیەی کە لە ئاست پڕۆسەی پەروەردەو داواکاری مامۆستایاندا هەیان بووەو تا ئێستاش بەردەوامن.
۲- هەموو جۆرە فشار و هەوڵێک کە بەناوی سزادانی نایاسایی بەرامبەر مامۆستایان بەکاردێن ئیدانەیان دەکەین و ڕەتیان دەکەینەوەو هەڵوێستی خۆمانمان دەبێت لە بەرانبەریان.
۳- دروستکردنی ئەنجومەنێکی هاوەبەش لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لە نوێنەرانی مامۆستایانی هەردوو پەروەردەی پشدەر و ڕانیە بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی داهاتوی مامۆستایانی هەردوو دەڤەرەکە و سەردانیکردنی لایەنە سیاسیەکان و حکومەت و ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان و قونسوڵخانەو ڕێکخراوە مەدەنیەکان و هەر جێگاو لایەنێک کە پێویست بکات بۆ گەیاندنی داواکاری مامۆستایان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان
۴- بۆ هەر بڕیارێک کە پێویست بێت بدرێت لەلایەن ئێمەوە سەبارەت بە هەر پێشهاتێکی نوێ دەگەڕێینەوە بۆ ڕای بەڕێوەبەرو مامۆستایانی هەردوو دەڤەرەکەو پشت قایمین بەپشتیوانی ئێوەی مامۆستایان بۆ سەرکەوتنی خەباتە مەدەنیەکەمان.

سەرکەوتوبێت خەباتی مەدەنی وئیرادەی بەهێزی مامۆستایان



PM:04:52:16/12/2016