ساڵێكی تر وا تێپه‌ڕی ،له‌نێوان ڕۆژهكانیشیدا ڕووداوی گرنگ هه‌بوون،به‌شێوه‌یه‌ك ساڵی 2016 له‌ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوریی و چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه پڕ له گۆڕانكاری بوو.
هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپ به سه‌رۆكی ئه‌مریكا
یه‌كێك بوو له هه‌ره گرنگترین ڕووداوه‌كانی ساڵی 2016 ،ئه‌ویش به‌هۆی لێدوان و هه‌ڵوێسته جیاواز سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی تره‌مپ كه جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكرد، تره‌مپ كه كاندیدی كۆماریه‌كان بوو به سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر هیلاری كلینتن كاندیدی دیموكراته‌كان كه پێچه‌وانه‌ی پێشبینی و ڕاپرسیه‌كان بوو،بووه 45 هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا.
چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا،له‌ڕووی ئابورییه‌وه بڕیاری به‌ریتانیا بۆ چوونه ده‌ره‌وه‌ی له یه‌كێتی ئه‌وروپا مێژوویی بوو،ئه‌ویش به‌هۆی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابوری ئه‌وروپا و ناوخۆی به‌ریتانیا،ئه‌ویش دوای 43 ساڵ له ئه‌ندامیه‌تی به‌ریتانیا له یه‌كێتییه‌كه.
ته‌قینه‌وه‌كانی برۆكسل
ڕووداوه توندوتیژی و تیرۆریستیه‌كان له 2016 درێژه‌یان هه‌بوو، له خوێناویترینیشیان ته‌قینه‌وه‌كانی مانگی سێی برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا بوو،كه به‌هۆیانه‌وه 50 كه‌س كوژران و 175 كه‌سیش برینداربوون و دواتریش داعش به‌رپرسیاریه‌تی له ته‌قینه‌وه‌كان ڕاگه‌یاند،دوای ئه‌وه‌ش له شاری نیس له فه‌ڕه‌نسا زنجیره‌یه‌ك هێرشی خوێناوی ڕوویاندا.
مردنی محه‌مه‌د عه‌لی كلای
2016 مردن یان تیرۆركردنی زۆرێك كه‌سایه‌تی به‌خۆوه بینی،له‌وانه‌ش مردنی محه‌مه‌د عه‌لی كلای كه پاڵه‌وانی بۆكسێن بوو دوای نه‌خۆشیه‌كی زۆر له ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنای ئه‌مریكا گیانی له‌ده‌ستدا،كلای بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ پاڵه‌وان بوو له بۆكسێندا و جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردبوو و له ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
سه‌ركرده‌ی مێژوویی كۆمۆنیسته‌كان كۆچی دوایی كرد
2016 ساڵی مه‌رگی ڤیدل كاسترۆ سه‌ركرده‌ی كۆمۆنیسته‌كانی جیهان بووكه 49 ساڵ حوكمی كوبای كرد و بووه كاریزمای كۆمۆنیسته‌كانی جیهان ،كاسترۆ له 25 ی نۆڤه‌مبه‌ری 2016 له 90 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
ونبوونی فڕۆكه‌كان له 2016 دا
دیارنه‌مانی فڕۆكه‌كان له ساڵی 2016 دا جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردبوو، كۆتا دیارنه‌مانی فڕۆكه ، فڕۆكه‌یه‌كی میسری بوو كه 66 سه‌رنشینی هه‌ڵگرتبوو به‌ره‌و پاریس ده‌چوو،پاشان له 290 كیلۆمه‌تر له دووری شاری ئه‌سكه‌نده‌روونه و له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا پاشماوه‌ی فڕۆكه‌كه دۆزرایه‌وه و دهسهلاَتدارانی میسریش ڕایانگه‌یاند كه ته‌قینه‌وه‌یان له‌ناو پاشماوه‌ی فڕۆكه‌كه‌دا به‌دی كردووه.
ئۆلۆمپیادی ڕیۆ
له‌نێو ئه‌و هه‌موو ڕووداوه خوێناوی و پڕگۆڕانكارییهی 2016 دا ئۆڵۆمپیادی جیهانی ڕیۆدیۆ جانیرۆ له به‌رازیل بووه گرنگترین ڕووداوه‌كانی ساڵ و به‌شێك له خه‌ڵكی جیهانی له بینینی توندوتیژی دورخسته‌وه.
بلاَوبوونهوهی وێنه تراژیدییه‌كه‌ی عومران
له‌نێوان ئه‌و خوێنڕشتنه‌ی له سوریا له 2016 دا درێژه‌ی كێشا ،وێنه‌ی منداڵێكی سوری له حه‌له‌ب كه دیمه‌نی پڕ ئازاری گه‌لی سوریای نیشان ده‌دا بووه جێی باسی میدیاكانی جیهان و كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.
ئه‌ردۆغان له‌ڕێگه‌ی فه‌یس تایمه‌وه دهسهلاَتهكهی له ڕووخان پاراست
شه‌وی 15 ی ئه‌یلولی 2016 بۆ توركیا گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو،كاتێك جیهان به هه‌واڵی به‌په‌له‌ی كوده‌تایه‌ك له توركیا به‌ئاگا هاتنه‌وه، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی فه‌یس تایمه‌وه بۆ كه‌ناڵی تی ئاڕتی توركیا قسه‌یكرد و داوای له لایه‌نگرانی كرد بێنه سه‌رشه‌قامه‌كان و به‌رگری له حكومه‌تی ئاكپارتی بكه‌ن، پاش شكستهێنانی كوده‌تاكه حكومه‌تی توركیا بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت كه ڕێبه‌ره‌كه‌ی فهتحولاَ گیولهنه تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی له پشتی كوده‌تاكه‌وه بووه و پاشان هێزه ئه‌منیه‌كانی ئه‌و ولاَته هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامان ولایه‌نگرانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌یان ده‌ستپێكرد.
كوشتنی باڵیۆزی ڕووسیا له ئه‌نقه‌ره
كوشتنی باڵیۆزی ڕووسیا له توركیا له‌میانی كۆنفرانسێكدا یه‌كێكی تر بوو له‌و ڕووداوانه‌ی له كۆتایی 2016 دا ڕوویاندا و بكوژه‌كه‌ش پله‌دارێكی هێزه ئه‌منیه‌كانی توركیا بوو كه پاراستنی ئه‌و شوێنه‌ی پێ سپێردرابوو.
ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا
له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیاش بارهه‌ڵگرێك خۆی كرد به بازاڕێكی شتومه‌كه‌كانی جه‌ژنی كریسمس دا و به‌هۆیه‌وه 12 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 48 كه‌سیش برینداربوون و دواتر داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له هێرشه‌كه ڕاگه‌یاند و دواتر ئیتاڵیا ڕایگه‌یاند كه تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ئه‌و ڕووداوه له‌و ولاَته كوژراوه.
ئا: سەرکۆ جەمال