"ڕەنگە پلانێکیش بێت دژی دەوڵەتی عێراق"
ئاڵا تاڵەبانی: دروشمی سەربەخۆیی کوردستان بۆ شاردنەوەی قەیرانەکانە

ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت دروشمی سەربەخۆیی کوردستان بۆ شاردنەوەی قەیرانەکانە و ڕەنگە پلانێکیش بێت دژی دەوڵەتی عێراق.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە حزبی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو ئەنجامی داوە، دەڵێت ”ئێمە وەک یەکێتی، لەگەڵ ئەوەداین کە یاسای نەوت و غاز لەم خولەی پەرلەمان دەربکرێت".
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا سەبارەت بە بانگەشەی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت " بانگەشە کردنانە بۆ داپۆشینی ئەو قەیرانەیە کە لە هەرێمدا هەیە و ڕاکردنە لەو قەیرانە، ئەرکی پێشینەی پارتی دیموکرات و هەموو لایەنەکانە چارەسەری قەیرانەکان بکەن، چونکە گرفتی گەورەن. لەوانە پەکخستنی پەرلەمان کە دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراوی گەلە، یاسای سەرۆکایەتی نییە، دەستوور نییە، شەفافیەت لە داهاتدا نییە، قەیرانێکی دارایی زۆر گەورە هەیە، قەرزی سەر هەرێم بە ملیارات دۆلارە، موچە خۆران موچەی مانگانە وەرناگرن، ئەمانە کێشە سەرەکییەکان و مەترسیدارە و کاریگەری خستووەتە سەر کۆمەڵگا، هەر کاتێک دەیانەوێت خۆیان لەم گرفتانە بدزنەوە ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەت ڕادەگەیەنن".

"هەر کاتێک دەیانەوێت خۆیان لەم گرفتانە بدزنەوە ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەت ڕادەگەیەنن"



سپی گرنگترین و پەیوسترین بەشی گفتوگۆکەی سەبارەت بە پرسی دەوڵەت و کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم وەگێڕدراوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

- هەندێک جار دەڵێن بە خوێن سنورەکان دیاری دەکەین جارێک دەڵێین مالکی ببێتەوە بە سەرۆک دەوڵەت ڕادەگەیەنم ناو بەناو پارتی دەڵێت جیادەبینەوە ئایا ئەمە جدییە یاخود دروشمە؟
ئاڵا تاڵەبانی : ئەم قسانە دوو لایەنەیە، ئەم بانگەشە کردنانە بۆ داپۆشینی ئەو قەیرانەیە کە لە هەرێمدا هەیە و ڕاکردنە لەو قەیرانە، ئەرکی پێشینەی پارتی دیموکرات و هەموو لایەنەکانە چارەسەری قەیرانەکان بکەن، چونکە گرفتی گەورەن. لەوانە پەکخستنی پەرلەمان کە دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراوی گەلە، یاسای سەرۆکایەتی نییە، دەستوور نییە، شەفافیەت لە داهاتدا نییە، قەیرانێکی دارایی زۆر گەورە هەیە، قەرزی سەر هەرێم بە ملیارات دۆلارە، موچە خۆران موچەی مانگانە وەرناگرن، ئەمانە کێشە سەرەکییەکان و مەترسیدارە و کاریگەری خستووەتە سەر کۆمەڵگا، هەر کاتێک دەیانەوێت خۆیان لەم گرفتانە بدزنەوە ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەت ڕادەگەیەنن.
دروستکردنی دەوڵەت بە قسە ئاسانە، بەڵام دامەزراندنی دەوڵەت پێویستی بە کۆمەڵێک کۆڵەکەو کارکردن هەیە، کاری بۆ دەکەم و لەملاو لەولا ڕایناگەیەنم، ئەمە یەکەمیان.

 "بانگەشەی دەوڵەتی کوردی دەترسم لەوەی کە بەشێک بێت لە پلانێکی گەورە کە لە عێراق بکرێت لە دوای ئازادکردنی موسڵ"


هەر لایەنێکی سیاسی و هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت داوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بکات، بەڵام ئەمانە پێویستی بە لێکتێگەیشتن و یاسا و دەستوور هەیە، پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا قسە بکەین، ئەو دروشمانەی ساڵانە سەبارەت بە دەوڵەتی کوردی گوێمان لێی دەبێت، ئەوەی باسمکرد لایەنی یەکەم ئەوە بوو کە باسم کردوو، لایەنی دووەمیش دەترسم لەوەی کە بەشێک بێت لە پلانێکی گەورە بێت لە عێراق بکرێت لە دوای ئازادکردنی موسڵ، خەڵکانێک هەن دەیانەوێت پشێوی دروستبێت لە عێراقدا، پلانێک لەسەر عێراق هەیە دوای موسڵ، خەڵکانێک هەن دەیانەوێت پڕۆژەی سیاسیی دوای موسڵ شکستبهێنێت، هەموو ڕەمزە سیاسییەکانیان کردووەتە ئامانج، و هەموو دامەزراوەکانیان کردووەتە ئامانج، و لەو هەڵمەتەدا دەڵێن هەمووی خراپە و لە پشتییەوە ئەجیندا هەیە، بەڵام ناکرێت ئەوە لە یاد بکەین، من دەڵێم شکست هەیە بەڵام ئێمە لە یەک کەشتیداین، دەبێت هەموومان بزانین ئەوەی دەیەوێت عێراق بەرێت بۆ پشێوی ئەوا ئێمە لە کەشتییەکداین ئەگەر ماینەوە ئەوا هەموومان دەمێنینەوە و نقمبووین ئەوا هەموومان نوقمدەبین کەس ناتوانێت بڵێت بە تەنها من ڕزگارم دەبێت. 
هەرلێدوانێک دەدرێت دەبێت گرنگی پێ بدەین، نابێت هەر لێدوانێک دەدرێت بڵێین ناوخۆییە، بەڵکو گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا هەیە و من بە جدی ئەمە دەڵێم.
- ئێوە بۆچوونتان چییە لەسەر ئەوەی حزبەکەی بارزانی دەڵێت سنوور بە خوێن دیاری دەکەین؟
ئاڵا تاڵەبانی: ئێمە بەرپرس نین لەو لێدوانانە، ئێمە ڕێککەوتنیشمان نییە، ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتی و لایەنە سەرەکییەکان لەسەر چەند بنەمایەکی هاوبەشە، ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی ١٤٠ لە ڕووی جوگرافیا و مێژووەوە ناوچەی کوردستانین، ناوچە تازەکانیش کە ڕزگار کراون، دەبێت بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەوانەی خاوەم بڕیارن و پەیوەندیدارن بەو کێشەیەوە چارەسەر بکرێت.

- پێشمەرگە دەڵێت ئێمە ئەو سنوورە بە خوێن دەپارێزین، من لە وەڵامەکەت تێ نەگەیشتم ئایا لەگەڵ ئەو لێدوانەن؟ 
ئاڵا تاڵەبانی: ئایا ئەو ناوچانەی لە موسڵ ڕزگارکرا هەر پێشمەرگە کردی یان بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق کرا، وەک چۆن بە هاوبەشی کرا پێویستە بە هاوبەشی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت.


PM:04:57:08/03/2017