لە جانتای ژنەکانی مەساجەکانی هەولێر چ کەلوپەلێکی سێکسی هەبووە؟

ژمارەیەك كچ و ژنی بیانی لە سەنتەرەكانی شێلان لە هەولێر دەستگیركران و بەوتەی پۆلیسی هەولێر، كاری سێكسی لەنێو سەنتەرەكاندا كراوە.

شەوی 16ی نیسان رابردوو لە هەڵمەتێكی هاوبەشی پۆلیسی رێككاری و زێرەڤانی 37 كچ و ژنی بیانی لە سەنتەرەكانی شێلان لە هەولێر دەستگیركران و هەر لەو سەنتەرانەدا دەستگیراوە بەسەر چەند پارچە حەب و كەلوپەلی دیكەدا كە بۆ مەبەستی كاری سێكسی بەكاریان هێناوە.

دەستگیركراوەكان كە زۆربەیان خەڵكی وڵاتانی چین، توركیا، لوبنان، سووریا و عێراقن كارەكانیان بە ئاسایی و رێگەپێدراو دەزانن و پێیانوایە جگە لە شێلان و ئارامكردنەوەی سەردانكارانیان هیچی دیكەیان نەكردووە.

لە ڕێپۆرتاژێكی كەناڵی ڕووداودا لەسەر ئەو پرسە دیاری ئەحمەد، سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكە دەڵێت "حەوت مەساجمان داخستووە و دەستبەسەر كۆمەڵێك شتی خراپدا گیراوە، ئەمە جگە لەوەی 50 كەسی دیكەشمان دەستگیركردووە، كە بەشێكیان خاوەنی سەنتەرەكانن و بەشێكی دیكەشیان هاتبوون بۆ مەساجكردن".

پۆلیسی هەولێریش لەبارەی هەڵمەتەكەوە دەڵێت "لە سەنتەرەكانی مەساج كاری نەشیاو كراوە و چەندین كەلوپەلیش دەستی بەسەردا گیراوە"

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ڕووداوی وتوە "زۆربەی كەلوپەل و دەرمانەكان بۆ كاری سێكسی لەنێو سەنتەرەكاندا بەكاریان هێناون".

یەكێك لە كچە دەستگیركراوەكان كە لەدایكبووی ساڵی 1994ە وەك خۆی باسی دەكات پێشتر لە پەیمانگای ئیستەنبوڵی گشتی ئەهلی لە توركیا كۆرسێكی شێلانی بینیوە و بڕوانامەی لەو بوارەدا وەرگرتوە.

سەبارەت بەوەی كە بۆچی هەولێری هەڵبژاردوە بۆ كاركردن دەڵێت "لەبەرئەوەیە خوێندكاری كۆلێژم و خێزاندارم، كچێكیشم هەیە و پیاوەكەشم لە چێشتخانەیەكی لوبنان كاردەكات، لە هۆتێلێكی چوار ئەستێرەی گەشتیاری لەگەڵ پێنج كچی دیكەی عێراقی و لوبنانی كارم دەكرد، هەمووشمان مۆڵەتی كاركردنمان هەبوو.

ئەو باس لەوە دەكات هەموو جۆرە كەسێك دەچووە لایان بۆ شێلان، گەنج و پیاوی بەتەمەن و دەڵێت "نرخی یەك شێلانی VIPلای ئێمە 80 دۆلارە".

سەبارەت بە كارەكەیان دەڵێت "ئەو كەسانەی سەردانمان دەكەن هەیە نەخۆشە و بۆ چارەسەر دێت، هەندێكیشیان حەزیان لە شێلانە و تەنها بۆ ئەوە دێن هەر كەسێكیش بۆ شێلان دەهاتە لامان سەرەتا دەچووە حەمام و جلەكانی دەگۆڕی كچەكانیش لەپشتی دەرگاكەوە دەوەستان و نەیاندەبینی".

یەكێكیتر لە كچە دەستگیركراوەكان كە لە بەغداوە هاتووە و ماوەی پێنج ساڵە لە هەولێرە دەڵێت "ماوەی دوو مانگە ئەم كارە دەكەم ئەو شوێنەی كارم تێدا دەكرد بەڵگەنامەكانی ئیقامە و مۆڵەتی تەندروستییان و بڕوانامەیان بۆ تەواوكردم، پشكنینەكانم تەواوكرد ئینجا دەستم بەكاركرد".

ژمارەیەكی زۆر سەنتەری شێلان لە هەرێمی كوردستان هەیە و پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە دانانی وێنەی كچ و ژنانی بیانی ریكلامیان بۆ كارەكەیان دەكرد و هەندێك جار ئەو سەنتەرانە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە كاری نەشیاویان تیادا ئەنجام دەدرێت.

لەو کەلوپەلانەی لە جانتاکاندا دەستیبەسەردا گیراوە و لە جانتاکانیاندا هەبووە هەریەکە لە "حەبی ڤیاگرا و کۆندۆم" دۆزراوەتەوە.



PM:12:56:20/04/2017