سپی رای زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی لە سەر پرسی ریفراندۆم ئاشکرا دەکات

لەنێو مەکەتبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایەکی زۆربە گەڵاڵە بووە کە پرسی رێفراندۆم لە تێروانینی حیزبیانەی پارتی دەربکەن و بیکەن بە " پرسێکی نیشتمانی ".

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لەسەر کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەو بیرورایەی لەنێو زۆربەی سەرکردایەتی یەکێتیدا لەکۆبوونەوەکانی پێشووترەوە گەڵاڵە بووە، زیاتر لە ٣٢ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی رایان وایە کە ئەگەر پارتی لەسەر هەمان سیاسەتی حیزبیانەی ریفراندۆم بەردەوام بێت، چیتر بەدەم ئەو کۆبوونەوانەوە نەچن کە هەموو هەفتەیەک پارتی لە یەکێتی داوای دەکات.

سەبارەت بەرای زۆرینەی نێو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات رای زۆرینە پێیوایە، پارتی زیاتر لە سێ ساڵە لەسەر دروشمی ریفراندۆم دەژی و پێویستە پارتی بخرێتە ژێر فشارەوە ئەم بانگەشەکردنە لە لێدوانەوە بخاتە پراکتیک و لە دروشمێکی حیزبییەوە بکاتە بە دروشمێکی نیشتمانی.

سەبارەت بەزیاتر روونکردنەوەی ئەم رایەی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی، سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کە دەبێت یەکێتی پرسی ریفراندۆم ئاوێتەی کۆمەڵێک پرس بکات و بیکاتە پرسێکی نیشتمانی و لەلایەکەوە پەرلەمانی پێ ئاکتیڤ بکاتەوە، لەلایەکی ترەوە ئەو راپرسیە دەبێت ئەنجامەکەی جێبەجێبکرێت، نەک هەر وەک کارتێک بەدەست پارتیەوە بمێنێتەوە، هاوکات ئەم رای زۆرینەی نێو یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت ریفراندۆمەکە ناوچە جێناکۆکەکان و پێش هەمووشیان کەرکوک بگرێتەوە. ( کەرکوک نەوتەکەی دەبرێت لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام نابێت جێهێڵرێت و بەشداریان لە ریفراندۆمدا پێ نەکرێت ).

هاوکات رای زۆرینەی نێو یەکێتی پێیانوایە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێت لەسەر سیستەمی سیاسی دەوڵەتی ئایندەی کوردستان رێککەوتن لەنێو لایەنەکاندا ئەنجامبدرێت  کە چ جۆرە سیسەتەمێک پەیڕەو بکرێت، رای ئەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەرێم سیستەمێکی کۆماری دیموکراتی پەرلەمانی پەسەند بکات، کە تا ئێستا پارتی دەیەوێت دەوڵەتی ئایندەی کوردستانیش بەم شێوەیەی ئێستا بێت، کە سەرۆکایەتییەو زۆربەی جومگە هەستیارەکانی حکومەت بەدەست پارتی و کەسە نزیکەکانی بارزانییەوەیە.

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە تا ئێستا پارتی هیچ وەڵامدانەوەیەکی گونجاو و ئەرێنی بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی یەکێتی کە لەپەکخستنی پەرلەمانەوە پێشنیاری کردووە نەبووە، دوا رەتکردنەوەی ئەو داوایانەی یەکێتیش، کاراکردنەوەی پەرلەمانە کە بارزانی لە دوا وەڵامدا ئاشکرای دەکات کە ئەوان ئامادەنین سەرۆکایەتی پەرلەمان بدەنەوە گٶڕان و، دەیانەوێت هەرسێ لایەنی پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو پێکهاتەکەی ئاکتیڤ بکەنەوە، کە یەکێتی هەرگیز ئامادە نییە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت.) رای سەرچاوەکەی سپی.
هەنگاوی داهاتووی یەکێتی بەندە بەوەڵامدانەوەی پارتیەوە بۆ ئەوەی دەورێک لە ئاساییکردنەوەی پەرلەمان و پرسەکانی تردا ببینێت. ) ئەمەش رای زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی یە.

هەرچی رای کەمایەتی سەرکردایەتی پارتییە، جەخت لەسەر ئەوە  دەکاتەوە بەبیانووی پرسی نەتەوەیی، لەگەڵ پارتی بەهەر شێوەیەک بێت ریفراندۆم بکەن و بەمەرج و سیاسەتی پارتی رازی بن.
  



PM:11:02:27/04/2017