ژنە هەولێریەك: هاوسەرەكەم لەگەڵ پیاوێكی دووڕەگەزدا دەژی

لە شاری هەولێر پیاوێك ماوەی نزیكەی ساڵێكە ژن و سێ منداڵەكەی جێ هێشتووە و بە پێی قسەی ژنەكەی لە توركیا لەگەڵ پیاوێكی "دووڕەگەزدا" دەژی، ماڵی خەزووری ئەو ژنەش ئێستە بووكەكەیان و سێ نەوەكەیان لە ماڵەكەی دەركردووە و دەڵێن "دەبێت ئەو ژنە خۆی داوای جیابوونەوە بكات".

نادیە، ژنێكی تەمەن 35 ساڵە خاوەنی كچێك و دوو كوڕە، ماوەی 12 ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ "دیار"دا كردووە، بەڵام هاوسەرەكەی دوای دەستكردن بە كاری كۆمپانیا و گەشتكردنی، ئیتر بڕیار دەدات بە یەكجاری لە توركیا بژیت و نەگەڕێتەوە.

نەگەڕانەوەی "دیاری هاوسەری نادیە" كێشەكانی نادیە گەورە دەكات و ماڵی خەزووریشی لە ماڵەكەی خۆیدا دەری دەكەن.

ماڵپەڕی "وشە" لەزاری نادیەوە چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە "تەمەنم 23 ساڵ بوو هاوسەرگیریم لەگەڵ دیار كرد، سەرەتا ژیانمان بە شێوەیەك خۆش بوو هەرگیز پێشبینم نەدەكرد من لەو ڕۆژە خۆشانەدا دەژیم".

نادیە دەڵێت "دیار باشترین پیاو بوو ئەوەندە باش بوو بۆ من، ماڵی باوكی پێیان دەگوت تۆ ژنەكەت دەپەرستی، بۆیە كەسیان پێوەندییان لەگەڵیدا باش نەبوو، هەمیشەش هەوڵیان دەدا كێشە بخەنە نێوانمان". 

زیاتر دەڵێت، نزیكەی 10 ساڵ من و دیار و منداڵەكان زۆر بێ كێشە بووین، بەڵام كاتێك خەزوورم لە كۆمپانیاكەیدا بە دەستی دیار و تووشی گەشتكردن بوو، ئیتر هەموو شتێك تێك چوو.

 ماڵی باوكی نادیە و دیاریش لە دوو خێزانی گەورە و دەوڵەمەندی شاری هەولێرن، وەك نادیە باسی لێ دەكات، لە رووی ئابوورییەوە گوزەرانیان زۆر باش بووە، مێردەكەی ناچار نەبووە بۆ كار بچێتە توركیا، بەڵام ماڵی باوكی كۆڵیان لێ نەداوە.

نادیە ئاماژە بەوە دەكات كە چەندان جار خەزووری پێی گوتووە دەبێت ڕۆژێك لە ڕۆژان كوڕەكەی وا لێ بكات كە نادیە تەڵاق بدات.

نادیە نایشارێتەوە كە لە ماڵی خەزووریدا تەنیا پێوەندی لەگەڵ خەسوویدا باش بووە، بەڵام خەزوور و شووبراكانی هەمیشە لە ململانێدا بوون لەگەڵیدا، لە كاتی دەركردنیشی لە ماڵەكەی خۆیدا، تەنیا خەسووی فریای كەوتووە، بە هۆی ئەو یارمەتییەی خەسووشی داویەتی بۆ ماوەی چەند مانگێك خەسووی ماڵی جێ هێشتووە.

نادیە باسی چۆنیەتیی گۆڕانی مێردەكەی و دەركردنی لە ماڵەكەیدا دەكات، "خەزوورم دوو كۆمپانیای هەبوو بە زۆر دیاری كرد بە بەڕێوەبەری یەكێك لە كۆمپانیاكانی، دیار پێویستی نەبوو، چونكە خۆی كاری هەبوو و ژیانیشمان زۆر بێ كەموكوڕی بوو، بەڵام باوكی پلانی دانابوو دەبواو جێبەجێی بكات. گەشتكردنی بەردەوامی بۆ دەرەوەی وڵات خێزانەكەمی تێك دا، چونكە جار هەبوو لە سێ مانگدا تەنیا هەفتەیەك دەگەڕایەوە، ئەوكاتەشی بە تەواوی بۆ ئێمە نەبوو".

نادیە دەڵێ، چەندان جار لە ڕێی براكانییەوە دیاری ئاگادار كردووەتەوە كە ئیتر خوشكەكانیان و منداڵەكانی پشتگوێ نەخات، بەڵام گوێی نەداوە بەو قسانە تا ئەو ڕۆژەی نادیە و منداڵەكانی لە ماڵەكەی دەردەكرێن.

چیرۆكی ژیانی نادیە بەو كۆمەڵە كێشەوە بەردەوامی دەبێت، تا رۆژێكیان دوای ماوەیەك لە بێ هەواڵی، خەزوور و دوو شووبرای نادیە بانگ دەكەن و پێی دەڵێن كوڕەكەیان ئەوی ناوێت و داوای لێ دەكەن لە دادگا داوای جیابوونەوە بكات.

دوای چەند هەفتەیەك لە دەركردنی نادیە لەلایەن ماڵی خەزوورییەوە، لە ڕێی هاوڕێیەكی مێردەكەیەوە نادیە دەزانێت كە مێردەكەی لە توركیا لەگەڵ پیاوێكی "دووڕەگەزدا" دەژی، نادیە نایشارێتەوە كە سەرەتا بڕوای نەكردووە، بەڵام دواتر براكانی بە دواداچوونیان بۆ بابەتەكە كردووە و دڵنیا بوون.

 نادیە ئێستە وێنە و ڤیدیۆی مێردەكەی لە لایە كە لەگەڵ ئەو پیاوە دووڕەگەزە و چەند كچێكی تریشدایە، بەڵام لەبەر منداڵەكانی ڕازی نەبوو نیشان بدرێن.

ئێستە نادیە لە ماڵی باوكی دەژیت و دەڵێت، هەر بینینێكی منداڵەكانم مردنێكە، بیركردنەوە لەوەی بێ باوكی پەروەردەیان بكەم ئەستەمە.

نادیە باس لەوە دەكات، ئەو چاوەڕوانی مێردەكەی دەكات تا دەبێتەوە بەو كەسەی جاران و دەگەڕێتەوە ناویان و هەرگیز داوای جیابوونەوە ناكات.



PM:01:00:02/08/2017