بەسەرهاتی ئەو ژنەی ناچار بە لەشفرۆشی دەكرێت

پیاوێک بە ناوی کارکردنەوە ژنێک هەڵدەخەڵەتێنێنت و دەیباتە شوینێک و ناچار بە لەشفرۆشی دەکات، بەڵام دواجار یەکێک لە لەشکڕەکان ئەو ژنە رزگار دەکات.

ژیلەمۆ عەبدولقادر لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە نوسینیکدا باسی لەوە کردوە ماوەیەك لەمەوبەر ئافرەتێكیان هێنایە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كە زۆر پەشۆكابوو، كاتێك پرسیارمان لێكرد چ كێشەیەكت هەیە؟ دەستی بە گێڕانەوەی سەربوردەی خۆی كرد و وتی: ١٠ ساڵ لەمەوبەر، باوكم دایكمی بەجێهێشت، پاشان دایكم شووی كردەوە، دوای سێ ساڵ كۆچی دوایی كرد، زۆری نەبرد زڕباوكەكەم ژنێكی دیكەی هێنایەوە، ئیدی چارەنووسی من لە تەمەنی 16 ساڵییەوە كەوتە دەستی زڕدایك و زڕباوك
بەهۆی ناتەبایی باوكم و دایكی رەحمەتیم، هیچ لە خزم و كەسەكانی خۆم نەدەناسین بچمە لایان، بۆیە ناچاربووم خۆم لەگەڵ زڕدایك و زڕباوكەكەم رابهێنم. تا رۆژێكیان خوازبێنیم هات و بەشوویاندام. بەڵام ژیانم لەلای مێردەكەم تا بڵێی خراپ بوو، بەردەوام ئەشكەنجەی دەدام، بۆیە لێی جیابوومەوە، بەڵام خۆزگە هەر لەلای ئەو مابامەوە، چونكە كە گەڕامەوە لای دایكم و باوكم ژیانم بوو بە دۆزەخ.

ئافرەتەكە بەردەوام بوو لەسەر گێڕانەوەكەی و وتی ماڵمان لە دەرەوەی شار بوو، دراوسێیەكمان هەبوو ئاگاداری بارودۆخی من بوو، پێشنیازی بۆ كردم بچمە لای بۆ كاركردن، منیش لە خوام دەویست لە دەست باوكم و دایكم رزگارم بێ، بۆیە ناونیشانەكەم لێ وەرگرت و چووم بۆ لای، پیاوەكە زۆر رێزی گرتم، سێ رۆژ لەوێ مامەوە، رۆژی چوارەم پیاوێك هات و گوتی لەگەڵ ئەو پیاوە بڕۆ بۆ كاركردن. بەڵام ئەو پیاوە منی بردە ماڵێك لەوێ ویستی دەستدرێژیم بكاتە سەر، من نەمهێشت، بۆیە بەربووە گیانم و زۆری لێدام و گوتی تۆ ئێستا لەژێر دەستی منی، ناسنامەكەت لەلای منە، بچیتە دەرەوە دەستگیر دەكرێی، بۆیە چیت پێدەڵێم دەبێت وا بكەی.
منیش لەبەر بێكەسی و نە شارەزایی و ترس لە گرتن، ناچار بووم بە قسەی بكەم. ئەو پیاوە رۆژانە پیاوی دەهێنایە ماڵەكە، هەموو جارێكیش حەبێكی دەدامێ بۆ ئەوەی ئاگام لە خۆم نەمێنێ، بە هیچ شێوەیەك نەیدەهێشت لەو ماڵە دەربچم. هیچی بۆ نەدەكڕیم تەنیا خواردنی دەدامێ. رۆژێكیان لەلای یەكێك لەو پیاوانەی دەهاتنە لام زۆر گریام، باسی ژیانی خۆمم بۆ كرد، ئەویش دیاربوو ویژانی جوڵا و منی برد بۆ شوێنێك، پاشان منیان هێنا بۆ ئێرە.
ئافرەتەكە لە ترسان هەڵدەلەرزی و وایدەزانی ئەو پیاوە بەدواوەیەتی، بەڵام دڵنەوایی كراو پێیگوترا كە لە شوێنێكی سەلامەتە. دوای ئەوەی دۆسیەی بۆ كرایەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبارەكە بەپێی مادە سێ لە یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە هەشتی ساڵی 1988 دەركرد.

لە كاتی دەستگیركردنیدا تۆمەتبارەكە نەیشاردەوە كە ئافرەتەكە لەلای ئەو بووە، بەڵام گوتی كاری ماڵەوەی پێكردووە و لە بەرامبەردا مانگانە پارەی داوەتێ، بەڵام كاتێك ماڵەكەی پشكنرا شتێكی وای تێدا نەبوو تاوەكو پێویستی بە خزمەتكار بێ، بۆیە پیاوەكە بەند كرا.
ئافرەتەكەش ماوەی دوو مانگ لە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان مایەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە ئەو رازی نەبوو بگەڕێتەوە لای زڕدایك و زڕباوكەكەی، هەروەها ناسیاو و خزمێكی وەهای نەدەناسی بچێتە لای، بە هاوكاریی توێژەرانی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان و رێكخراوێكی ئافرەتان، هەروەها سەنتەری راوێژكاری خێزانی شوێنێكی شیاوی بۆ دۆزرایەوە كە بتوانێ كاری تێدا بكات و بژێویی ژیانی خۆی دابین بكات.





AM:10:24:13/08/2017