زڕدایكێك لە هەولێر منداڵێك لە حەمام دەكوژێت

زڕدایكێك لە هەولێر منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ لە ناو حەمام بە جامی حەمام دەكوژێت، ئێستا ئەو زڕدایكە لە گرتووخانەی هەولێر گیراوە و حووكمی بەندكردنی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە.


ئەو زڕدایكە كە بەهیچ شێوەیەك نكۆڵیی لە ئەنجامدانی كارەكەی ناكات و دەڵیت، ئەو منداڵە خۆیی ڕانەوەستاوە و زۆر ئازاری داوە بۆیە كووشتویەتی، ئەو ئێستا لە بەندینخانەیە لەگەڵ ئەوەی بە دەنگێكی زوڵاڵ باسی كارەكەی دەكات، دەشڵێ پەشیمانە لەو كارەی كردوویەتی، چونكە لەگەڵ كوشتنی منداڵەكە، ژیانی خۆشی لەناو چووە.

ماڵپەڕی وشە لەزاری ئەو ژنەوە کە ویستویەتی بە ڕازاوە ناوی بێت بەم جۆرە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.

چیرۆكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات "كە هاوسەرگیریم لەگەڵ شەماڵدا كرد، ئەو دوو منداڵی هەبوو لە ژنی پێشووی ، بەڵام هاوسەری پێشووی مردبوو، من ئامادەبووم هەردوو منداڵەكەی بەخێو بكەم". كچەكەی دوو ساڵ بوو، كوڕەكەیشی چوار ساڵ بوو، بەڵام هەردووكیان زۆر هاروهاج بوون ژیانی منییان نە هێشتبوو، بەو منداڵییەی خۆیان ڕقیان لە من بوو ، بۆیە منیش خراپ بووم لەگەڵیان و لێم دەدان.

ماڵی باوكی شەماڵ لە سەرەتاوە ویستوویانە ئەو دوو منداڵە بۆ خۆیان بەخێویان بكەن، بەڵام ڕازاوە ڕازی نەبووە و دوای چەند مانگێكی كەم لە هاوسەرگیری پێوەندی لەگەڵ ماڵی خەسووی پچڕاندووە و زۆر كەمیش ڕێگەی داوە شەماڵ منداڵەكان ببات بۆ ماڵی باپیرانیان .

ڕازاوە ئاماژە بەوە دەكات، خۆی كەسێكی توڕەیە بەهۆیی ئەوەی لە ماڵی باوكیشی ئەركێكی زۆری لەسەر نەبووە، بۆیە هەمیشە كێشەی بۆ دروست بووە لەگەڵ ئەو منداڵانەدا، ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە هەمیشە ویستوویەتی ژیانییان خۆشبێت نەوەك تێكی بدات، بەڵام نەیتوانیوە و هەمیشە نێوانی لەگەڵ ئەو دوو منداڵەدا ناخۆشبووە و لە نەبوونی باوكیاندا لێی داون.

حەسەن عەلی باپیری ئەو منداڵەیە كە ڕازاوە كوشتویەتی بۆ باسی كێشەی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت، سەرەتا كە چوینە داوای ئەو كچە باوكی ڕازی نەبوو، چەند جار چووین و ئەویش هەر پێی دەگوتین "كچەكەم زۆر زوو توڕە دەبێت و توانای پەروەردەكردنی نییە" بەڵام كوڕەكەم كۆڵی نەدا و هێنای، زۆر هەوڵم دا منداڵەكان بێنمە لای خۆم، بەڵام ئەوان ڕێگەیان نەدەدا.

ڕازاوە باسی چۆنیەتی كوشتنی ئەو مندالە دەكات"بەیانییەك دەمویست بیشۆم، بەڵام ئەو هەر ڕانەدەوەستا و یاری بە ئاوەكە دەكرد و هاواری دەكرد و ئاوی بەمندا دەكرد، منیش لێمدا، من چەند لێم دەدا ئەو زیاتر یاری بە ئاوەكە دەكرد، تا بە جامی حەمامەكە چەند جارێك لەسەر یەك زۆر بەتوندی بەسەرمدا كێشا، ئیتر توشی گەشكە بوو، زۆر ئاوم پێدا كرد هیچ سوودی نەبوو، دواتر پێوەندیم بە باوكی كرد و بردمانە نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان.

لەكاتی گێڕانەوەی ئەو باسەدا، ڕازاوە بۆ یەك جاریش نە دڵی پڕ بوو نە فرمێشكێكیش بەچاویدا هاتە خوارێ، بەم شێوەیە بەردەوام بوو"لە نەخۆشخانە حاڵی باشتربوو، بەڵام لەناكاو دڵی وەستا و مرد، پزیشكەكان گوتیان تووشی خوێن بەربوونی مێشك بووە، منیش گوتم لە حەمام خزاوە و سەری بەر ئەرز كەوتووە.

باپیری ئەو منداڵە كوشتنی نەوەكەی ئاشكرا دەكات، كاتێك هەمووان دەچنە بەردەم ئەو مزگەوتەی كە منداڵە چوار ساڵەكەی لێ‌ دەشوورێت، باپیری گومان دەبات و داوای بینینی مردووشۆرەكە دەكات، لەوێ هەموو شتێك ئاشكرا دەبێت.

"كاتێك چومە لای مردووشۆرەكە پێم وت: من باپیری ئەو منداڵەم و دەمەوێت بیبینم، كاتێك لەگەڵ مردووشۆرەكەدا سەیرم كرد هەموو گیانی شوێنی لێدان بوو، بۆیە پێوەندیمان بە پۆلیسەوە كرد، پۆلیس تەرمەكەی ناردە پزیشكی دادی و لەوێ ڕاپۆرتە پزیشكیەكان سەلماندیان توشی خوێن بەربوونی مێشك بووە ، بەهۆی بەركەوتن زەربەی زۆر بە سەریەوە".

شەماڵ و ژنەكەی دەگیرێن ژنەكەی دان بە هەمووشتێك دا دەنێت، هەر لەوێ بە پۆلیس دەڵێت، ئەو شوێنی لێدانانەی بەسەر گیانی كچە دوو ساڵەكەشەوەن, هەر ئەو وای لێكردووە، نەك بە دەست بەڵكوو بە گاز لێ گرتن تا ڕادەی خوێن لێهێنان ئازاری داون، ڕازاوە لەلایەن دادگاوە حووكمی بەندكردنی تاهەتایەیی بەسەردا سەپێنراوە، كچە تەمەن دووساڵەكەی شەماڵیش لەلای ماڵی باپیرانی بەبێ براكەی گەورە دەبێت.

شەماڵ و مالی باوكیشی دەڵێن ڕازی نین بەو حووكمەی دادگا بەڵكوو دەیانەوێت، چۆن منداڵەكەیان كوژراوە، ئەویش بەهەمان شێوە بكوژرێتەوە، بەتایبەت كە ئێستا كچە تەمەن دوو ساڵەكەی شەماڵ بەهۆی داخكردن و گاز لێ گرتنەوە، تووشی نەخۆشی پێست بووە و لەژێر چاودێری پزیشكیدایە.



PM:08:51:21/09/2017