لەهەولێر کچێک داوای یارمەتی لە پیاوێک دەکات، بەڵام وەک گورگ دەستدرێژی سکێسی دەکاتە سەر

بەڕێوەبەری توندوتیژی لەهەولێر پەردە لەسەر کەیسێکی نوێ هەڵدەداتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کچێک لەماڵ هەڵدێت، داوای یارمەتی لە پیاوێك دەکات، بەڵام ئەو دەیباتە شوێنێکی چۆڵ و وەک گورگ دەستدرێژی کردۆتە سەر.

ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری توندوتیژی لەهەولێر لە ستونە هەفتەیەکەیدا لە ماڵپەڕی رووداو، باسی ژیانی کچێک دەکات کە "ماوەیەكی زۆر بەنهێنی پەیوەندی بەو كوڕەوە دەكرد كە خۆشیدەویست، بەڵام نەیتوانی بەو شێوەیە درێژە بە پەیوەندییەكەی بدات، خوشكێكی گوێی لە قسەكانی دەبێ‌، هەڕەشەی لێدەكات كە بە براكەی دەڵێت، بۆیە ئەویش لە ترسان رادەكات، بەڵام لە دەرەوە تووشی بە تووشی گورگێكەوە دەبێ‌ كە لە پێستی مەڕدا خۆی حەشارداوە".

ئەو نووسەرە بەو شێوەیە باسی ئەو ژیانی ئەو کچە دەکات  "پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ كوڕێك هەبوو، رۆژێكیان كە قسەم لەگەڵ خۆشەویستەكەم دەكرد، خوشكەكەم وەژوور كەوت و ئاشكرا بووم. ئەو یەكسەر هەڕەشەی لێكردم كە بە براكەمان دەڵێت، ئیدی منیش لە ترسان هەڵاتم، یەكەمجاریشم بوو بە تەنیا لە ماڵ بچمە دەرەوە، شارەزای هیچ شوێنێك نەبووم".

لە درێژەی نووسینەکەدا هاتووە " بیرم لەوە كردەوە پەنا بۆ كەسێك ببەم یارمەتیم بدات و بمباتە شوێنێكی پارێزراو. لە دەرەوە پیاوێكم بینی داوای هاوكاریم لێی كرد، ئەویش گوتی بەسەرچاو ئێستا دەتبەمە شوێنێكی پارێزراو، لەگەڵی سەركەوتم، ئاراستەی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلەكەی بەرەو دەرەوەی شار بوو، ترسم لێ‌ نیشت. دواتر بۆم دەركەوت ناحەق نەبووم كە بترسم. نەمزانی ئەو پیاوە گورگێكە و خۆی لە پێستی مەڕدا شاردووەتەوە. منی بردە دەرەوەی شار لە نێو خانوویەك داینام و دەرگای لەسەر داخستم و پێیگوتم پاش كەمێكی دیكە دەگەڕێمەوە، بەڵام كە گەڕایەوە وەكو وەحشێك بەربووە گیانم و دەستدرێژی كردە سەرم. دوای دوو رۆژ لە نزیك شار بەرەڵڵای كردم. ئەمجارەیان نەوێرام داوای هاوكاری لە هیچ پیاوێك بكەم، ئافرەتێكم بینی و داوای یارمەتیم لێی كرد، ئەویش لە ترسان نەوێرا هیچم بۆ بكات، منی لە نزیك نەخۆشخانە دانا و رۆیشت. ئیدی خۆم هاتمە نەخۆشخانە".

ئەو نووسەرە باس لەوە دەکات زۆر پرسیاریان لێی كردووە لەبارەی پیاوەكە، ناونیشانەكەی، بەڵام ئەو كچە بەڵگەیەكی وای لەلا نەبوو كە ببێتە هۆكاری زوو دۆزینەوەی كەسەكە، پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ دۆسیەكە كردۆتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەریش بەپێی ماددە 393 بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ئەو پیاوە دەكرد كە دەستدرێژیی كردبووە سەر كچەكە. دواتر پەیوەندی بە دایك و باوك و برای كچەكەوە كرا كە لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئامادەبن، بەڵێننامەیان لێوەرگیرا كە هیچ كاردانەوەیەكی توندیان بەرامبەر كچەكە نەبێ‌، چونكە ئەوەی بەسەری هاتووە لە دەسەڵاتی خۆی نەبووە، بۆیە بەڵێنیان دا هیچی لێنەكەن و لەگەڵ خۆیان بردەوە".



PM:08:33:08/12/2017