شاسوار عەبدولواحید: هەرێم یەک بەرمیلیش رادەستی بەغدا ناکەن

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند" دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تەنانەت یەک بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی عێراق ناکەن"


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی کەناڵی فەرمی عێراق "العراقیە" رایگەیاند، "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت سود لە بەغدا ببینن و ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت دوو هێندەی بکەن، جگە لەوەش، ئامادەنین هیچ داهاتێک، بە تایبەتی نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکەن چونکە "ئەوە دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانیان".


سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەو شاندەی ئێستا لە بەغدایە کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، دەسەڵاتی دامەزراندنی یەک فەرمانبەریشی لە هەولێر و دهۆک نییە، ئیتر چۆن دەتوانێت نەوتی هەرێم رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات؟


وتیشی، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەنیازن مانگانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بکەن، کە نرخی ئەو نەوتە دەکاتە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، کەچی دەیانەوێت لە بەرامبەردا ٩٠٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە وەربگرن.


ئەوەشی وت، کە هەرێمی کوردستان مانگانە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە پەیدادەکات و ئەوەش واتە فرۆشتنی نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کەچی لەو پارەیەی لەو مامەڵەیەدا دەستیدەکەوێت، تەنیا ٣٠%ی دەچێتە گەنجینەی وەزارەتی داراییەوە.


شاسوار عەبدولواحید بە پرسیارەوە وتی، "لەکاتێکدا لە هەرێم نازانرێت داهاتی راستەقینەی حکومەت چەندە، ئیتر چۆن لیژنە چاودێرییەکانی عێراق دەتوانن بزانن داهاتی هەرێمی کوردستان چەندە؟".


جەختیشیکردەوە، کە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار موچەخۆری سەر بە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان موچە وەردەگرن و هەر ئەوەشە بووەتە هۆی بارگرانییەکی گەورە لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی راستەقینە.


شاسوار عەبدولواحید روونیکردەوە، "ئەوانەی حکومی پارێزگای سلێمانی دەکەن هەمان عەقڵیەتی دزیی حکومڕانانی هەولێریان هەیە". وتیشی، ناکۆکیی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە تەنیا لە میدیایە و لە راستیدا، "هەردوولایان بۆ دەستکەوتنی پارەی زیاتر هیچ کێشەیەکیان نییە".


باسی لەوەشکرد، ئەگەر بێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە فشاری سیاسی تیادا نەبێت، ئەوا حزبە حکومڕانەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا دەنگی ١٥%ی هاوڵاتیانیش بەدەست ناهێنن.
 


PM:11:56:31/01/2021