پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند ئەو کەسەی دەستگیرکردووە کە کچێکی رفاندووەو بێهۆشی کردووە.
لە راگەیاندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند " دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە كچەكەی بەمەبەستی كڕینی پێداویستی لەماڵ چۆتە دەرەوەو نەگەڕاوەتەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بنكەكانی سنوری پۆلیسی سلێمانی ڕاسپارد كە بەدواداچونی خێرا بكەن بۆ دۆزیینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار" .
لە راگەیاندراوەکەدا کە وێنەیەکی دەستگیرکراوەکەش بڵاوکردۆتەوە، تیایدا هاتووە " دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو گومان خرایە سەر تۆمەتبارێك و توانرا هەمان ڕۆژ و لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە تۆمەتبار دەستگیربكرێت كە بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری تۆیۆتا كامری كچەكەی هەڵگرتووەو دوای بێهۆشكردنی لە شوێنێك فڕێیداوە".
لە ئێستادا تۆمەتبار ( ش، أ ، ع )لەدایكبووی ١٩٩١ بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٢١ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا .
هەروەها كچەكە پاش دۆزینەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەوەو لەئێستادا لە ژێر چاودێریدایەو چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت .