بەبێ هیچ رێککەوتنێک وەفدی هەرێم لە بەغداوە دەگەڕێتەوە

دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سەرکردە عێراقییەکان لە بەغدا، بڕیارە وەفدی هەرێم بگەڕێتەوە کوردستان، بەبێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک، هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەغدا داوای سەرجەم دۆسیەی نەوت دەکات بە ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکانیشەوە، هەرێمیش ئەمە رەتدەکاتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات" ئەگەری رێکنەکەوتن هەیە و لە قسەی شاندی هەرێمی کوردستانیش ئەوە دەردەکەوێت". 


ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند" ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدابووین، ئەو کۆبوونەوانەی ئەوان کردوویانە و هەوڵەکانی فراکسیۆنەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی باسکران".

 

ئەو کە بە "ڕووداوی" راگەیاندووە، دەڵێت " هیوادارین ململانێی سیاسی کە هەیە نەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ستەم لە خەڵکی کوردستان و مووچەی خەڵکی کوردستان بکرێت، هەرچەندە رێگریش هەیە. ئێستا ئەو بۆچوونە هەیە کە هەولێر و بەغدا ئەگەری رێکنەکەوتنیان هەیە، بەڵام ئێمە وازی لێناهێنین و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرێمی کوردستان رازی نییە بەو داوایەی بەغدا و بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، پاش ئەوەی لەگەڵ هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. 



PM:01:21:03/02/2021