زانیارى نوێ لەبارەى دانوستانەکانی هەرێم و بەغداد ئاشکراکرا

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتى ڕایدەگەیەنێت" بەغدا بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی وتووە بابەتی رادەستکردنی (250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ) کۆتایی هاتووە، تەنیا دوو رێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەیە".

 

هیڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکدا رایگەیاند" شاندی هەرێمی کوردستان سێیەم سەردانی خۆی بۆ بەغدا ئەنجامدا، ئەوەش بەمەبەستی جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بووە، دوو سەردانی کۆتایی، شاندی هەرێمی کوردستان سەرۆکوەزیرانی عێراقی نەبینیوە، سەردانی یەکەم: لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتنە رێککەوتن، کە بەرامبەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەغدا 12.67%ی بودجە دوای دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەکان و حاکیمە، پشکی هەرێمی کوردستان بدات و ئەمە لەنێو پرۆژە یاسای بودجە پەسندکرا". 

 

باسی لەوەشکردوە، سەردانی دوەم: لە مانگی یەکەمی 2021 بوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەکە 13 پرسیاری دایە شاندی حکومەت و پێیان وتوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و وەڵامی پرسیارەکانی ئێمە لەگەڵ خۆتان بێنن و وەرنەوە.

 

دەقی نوسینەکەی هیڤیدار ئەحمەد: 

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، بۆ جاری دوەم و بۆ ماوەی چوار رۆژ و لە ئەنجامی چوار دانیشتنی بەرفراوان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبوەوە، مەبەستی شاندەکە ئەمجارە وەڵامدانەوەی 13 پرسیاری لیژنەکە بو. وەزیری نەوتی عێراقیش سێ قۆناخی خستوەتەڕو بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان. دیپلۆماتکارێکی گەورەی بەریتانیا لە هەولێر وتی "بەغدا خەڵکی دیکەی هەرێمی دەوێت لە بەغدا بن".
 
هەوڵدەدەم لەڕێگەی ئەم گوتارە زانیاری و دیدگای نوێ لەسەر رەوتی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ی عێراق بخەمەڕوو کە دەبێت ئیدی هەرێمی کوردستان چی بکات.

سێ سەردانەکەی بەغدا
 
شاندی هەرێمی کوردستان سێیەم سەردانی خۆی بۆ بەغدا ئەنجامدا، ئەمەش بەمەبەستی جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بوە، دو سەردانی کۆتایی، شاندی هەرێمی کوردستان سەرۆکوەزیرانی عێراقی نەبینیوە.
 
سەردانی یەکەم: لە کۆتایی ساڵی 2020 بوە و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتنە رێککەوتن، کە بەرامبەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەغدا 12.67%ی بودجە دوای دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەکان و حاکیمە، پشکی هەرێمی کوردستان بدات و ئەمە لەنێو پرۆژە یاسای بودجە پەسندکرا.
 
سەردانی دوەم: لە مانگی یەکەمی 2021 بوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەکە 13 پرسیاری دایە شاندی حکومەت و پێیان وتوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و وەڵامی پرسیارەکانی ئێمە لەگەڵ خۆتان بێنن و وەرنەوە.
 
سەردانی سێیەم: شاندی حکومەت لە سەرەتای مانگی دو لە بەغدا بو، وەڵامی هەر 13 پرسیارەکەی بردبو، بەڵام بەغدا هەر هیچی نەخستە بەردەم شاندی هەرێمی کوردستان کە پشکی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت، بەڵام ئەوەی زانراوە، بەغدا دەیەوێت دۆسیەی نەوت کە دەستوری عێراق لە ماددەی 111 و 112 بە هەردو بەشی یەکەم و دوەمی ئەم ماددەیە بە وردی و بە ئاشکرا باسیکردوە کە سیاسەتی نەوت لە عێراق چۆن دەبێت و دەبێت یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت، بەغدا ئێستا دەیەوێت لەڕێگەی یاسای بودجەی 2021، ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکاتەوە و هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات!
 
13 پرسیارەکەی بەغدا چین؟
 
لە دوەم سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کاتێک لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە، لیژنەکە 13 پرسیاری خستوەتە بەردەم شاندی هەرێمی کوردستان و داوای وەڵامی ئەو 13 پرسیارەیان کردوە، من لێرە 9 پرسیاری سەرەکی دەخەمەڕو ئەویش:
 
1- ئایا ئەم شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە؟
2- داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەندە؟
3- هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بە چەند دەفرۆشێت؟
4- گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چۆنن؟
5- قەرزەکانی هەرێمی کوردستان چەندن؟ قەرزی کێن؟
6- ئایا دیوانی چاودێریی دارایی چ رۆڵێکی هەیە لە چاودێریکردنی گرێبەستە نەوتییەکان؟
7- هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەت بە خۆی هەیە؟
8- ئەگەر بودجە نەبێت، بە چ میکانیزمێک داهات خەرج دەکەن؟
9- ژمارەی فەرمانبەر و خانەنشین و مووچەخۆران بەگشتی چەندن لە هەرێمی کوردستان؟
 
هەرچەندە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی ئەوەی نییە لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکات و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ پێبەندییەکی نییە بەرامبەر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەو وردەکارییانە بخاتەڕوو، چونکە رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق کردوە و حکومەتی فیدراڵ پابەندە لەبەردەم لیژنەی دارایی عێراق، بەڵام دیارە شاندی هەرێمی کوردستان وەکو نیازپاکییەک ئامادەبووە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە جارێک کۆبونەوە بکات، کە تەنیا لە دوا سەردانیدا چوار کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجامداوە و کۆبونەوەی لاوەکیش هەبوە.
 
هەڵوێستێکی مەترسیداری وەزیری نەوتی عێراق
 
سەرباری وەڵامدانەوەی هەمو ئەو پرسیارانە و هەمو ئەو گفتۆگۆ و کۆبونەوانە، لە بەغدا بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی وتراوە بابەتی رادەستکردنی (250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ) کۆتایی هاتوە، تەنیا دو رێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەن لە بابەتی نەوت ئەویش:
 
یەکەم: هەمو نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت
دووەم: هەمو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت
 
بەغدا وەکو نەخشەڕێگەیەک باسی ئەوە دەکات کە کام لەم دو رێگەیە، هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەسەر سێ کەرتدا دابەشدەکرێت ئەویش:
 
ا- نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ ناوخۆ بەکاردێت
ب- دەستحەقی کۆمپانیاکانی نەوت بدرێت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن
ج- ئەوەی دەمێنێتەوە دەخرێتە نێو گەنجینەی گشتی
 
ئەی چۆن پشکی هەرێمی کوردستان دەدەن لە بودجەی 2021؟
 
لیژنەی دارایی عێراق دەستکاریی ژمارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی کردوە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردوە ئەویش لە 163 ترلیۆن دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 127 ترلیۆن. پشکی هەرێمی کوردستانیش 12.67% دانراوە.
 
ئەگەر ئەم ژمارەیە دەستکاری نەکرێت، هەروەکو خۆی کە حکومەت ناردویەتی 163 ترلیۆن دینار بمێنێت، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەبێت. بەڵام ئەگەر کەمکرایەوە بۆ 127 ترلیۆن دینار، ئەوا ئەو ژمارەیە کەمدەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار.
 
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لەنێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان وتی "ئەگەر ئەو دۆسیەیە کەوتە دەست حکومەتی عێراق ئەوا بە سێ قوناخ مامەڵەی لەگەڵ دەکەین کە ئەویش: قۆناخی یەکەم: دۆسیەی نەوت وەردەگرین. قۆناخی دوەم: چۆن ئەو دۆسیەیە رێکدەخەین، رەنگە هەندێک بیر هەبێت هەر دایبخەین؟ قۆناخی سێیەم: لەڕوی ئیداری و چاودێرییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
 
ئەم دۆسیەیە هێڵی سورە
 
لەو رۆژانە لە شاری هەولێر لەگەڵ دیپلۆماتکارێکی گەورەی بەریتانیا لە عێراق، وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆبوینەوە و ئەو بە ئاشکرا وتی "پەرلەمانتارانی بەغدا و وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئەوەن دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستکاری بکرێت و دەزانین ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان قورسە و هەرس ناکرێت".
 
هەرێمی کوردستان لە مانگی یەکی 2021 بەکۆی گشتی رۆژانە 433 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و ئەم ژمارەیە لای بەغدا لە کۆمپانیای سۆمۆش تۆمارکراوە.
 
بەغدا نایشارێتەوە کە چیدیکە ئەوان قبوڵ ناکەن هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی خۆی بەڕێوەببات و، گوێناداتە دەستوور و یاسا و، دەڵێن "هیچ رێگەیەکی دیکە نییە، دەبێت ئەو دۆسیەیە رادەستی بەغدا بکرێت".
 
هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا نە ئابورییەکی بەهێزی هەیە، نە لەڕوی سیاسییەوە یەکدەنگین، ئەوەی لەدەست هەرێمی کوردستاندا ماوە و (عێراق، تورکیا، ئێران و ئەمریکا و ....) بە چاوێک سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، هەبونی دۆسیەی نەوتە، بەغدا دەیەوێت ئەو دۆسیەیەش لەدەست کورد دەربهێنێت. بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی لاوازیدا بمێنێت.
 
ئەم دۆسیەیەش هێڵی سورە و هیچ لایەنێک رەنگە جورئەتی ئەوە نەکات دۆسیەی نەوتی کوردستان رادەستی بەغدا بکات.
 
بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە رۆڵێکی باشی هەبووە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ بەغدا گێڕاوە. دیپلۆماتکارە گەورەکەی بەریتانیا بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانی وت "دەبێت هەرێمی کوردستان خەڵکی گونجاو رەوانەی بەغدا بکات کە لە بەغدا گوێیان بۆ دەگرن و بەغداش ئەو کەسانەی دەوێت".



PM:01:50:05/02/2021