عەلی حەمە ساڵح بۆ سەرۆکی حکومەت: ئەم قاچاخیە مەترسیدارە ڕابگرە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان نامایەک ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت" چەندین مانگە بە نوسراو یاداشت داوام لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت کردوە ئەم قاچاخیە مەترسیدارە ڕابگیرێت". 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە نوسینێکدا كە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی كردوە دەڵێت" بەپێی بەدواداچونی من لەگەڵ چەندین خەڵکی شارەزاو بەدواداچونی مەیدانی ڕۆژانە نزیکەی ١٠ ھەزار ئاژەڵی قاچاخ لە سوریاوە دێت و لە سحێلاوە داخڵی کوردستان دەبێت، بۆ ھەر ئاژەڵێکی بچوک بە نایاسایی  ٢٠ دۆلارو بۆ گەورە ٨٠ دۆلار وەک سەرانە وەردەگیرێت  بەشێکی بۆ بازاڕی کوردستانەو بەشێکی بۆ ناوەڕاست ە خواروی عێراقە، قازانجی ڕۆژانەیان نزیکەی ٤٠٠ ھەزار دۆلارەو لە مانگێکدا ١٢ ملیۆن دۆلارە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" چەندین جار لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ قسەمکردوەو دەڵێن: بەھیچ شێوەیەک مۆڵەت و ڕێگاپێدانی ئێمەیان نیەو زیانی گەورەی لە بەرھەمی ناوخۆداوەو کەرەنتینەو پشکنینیان بۆ ناکرێت و مەترسی نەخۆشی ھەیە، بەھۆی ئاژەڵی سوری قاچاخ، ئاژەڵداران ئەم ساڵ تووشی زیانێکی گەورەبوون و ئەم ھاتنەی ئاژەڵی سوری بەردەوام بێت، پاش چەند ساڵێکی دیکە پرۆسەی ئاژەڵداری لە کوردستان بەرەو لەناچون دەچێت".

 

ڕوونیشکردەوە، ئێستا جگە لە ئاژەڵی سوری قاچاخ، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێگا پێدانی سنورداری ھەیە بۆ ھێنانی ئاژەڵ لە جۆرجیاو چەند وڵاتێکی دیکە، بەمەرج و ڕێوشوێنی تەندروستی، بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆو ڕەچاوکردنی بەرھەمی ناوخۆش،  پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ کۆی ئەو بڕە دەستنیشان بکات لە دەرەوە دەھێندرێت، کە پێویستەو بە پرۆسەی گومرگی و مەرجە تەندروستیەکان بێت، بەم ڕێگایە ھەم بازاڕ ھاوسەنگ دەبێت و ھەم داھاتی گومرگ زیاددەبێت و ئاژەڵدارانیش تووشی زیان نابن. 



PM:01:35:14/02/2021