نێچیرڤان بارزانی داوای کاراکردنی هەماهەنگی نێوان هەرێم‌و بەغداو هاوپەیمانان دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان کوردستان، نێچرڤان بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێرەوە داوادەکات" خێرایی میكانیزمی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقییه‌كان بە بەشداریی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن". 


دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر
 
هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی كەسێك و برینداربوونی نۆ كه‌سی دی كە ژماره‌یه‌كیان ئەمه‌ریكین، بە تووندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
 
داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین مه‌ترسیی ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانی حكومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.
 
داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەییی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی میكانیزمی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقییه‌كان بە بەشداریی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن.
 
نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپی چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵ، بوونه‌ته هۆی ئاڵۆزیی ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆیه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترین كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزای یاسایی بگه‌یێنرێن.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان


PM:12:53:16/02/2021