لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت بۆ ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢٠ ی نەوتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە

ئەمڕۆ ١٧ی شوباتی ٢٠٢١ لە هۆتێل ( بێست ئین ئەربیل ) لە شاری هەولێر لە پرێس کۆنفراسێکدا ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەی ” وردبونەوە لە وردبینیەکەی دیلۆیت! لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠” بڵاوکرایەوە.


ئەم لێکۆڵینەوە لە نوسینی فریا کاڵێ و یادگار سدیق گەڵاڵی لە ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەتی نەوت و گاز و بە هەماهەنگی و کاری دیزاین و چاپکردن و هەروەها ڕێکخستنی ئێڤێنتی ڕاگەیاندنەکە لەلایەن ڕێکخراوی ستۆپەوە ئەنجام دراوە . وەکو هەنگاوێکی سەرەتا بۆ هەماهەنگی لەنێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کاری هاوبەش بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەی کە بواری کارکردنیان نزیکە لەیەکەوە.


ئەم لێکۆڵینەوەیە سەرەتا باسی وردبینی و گرنگی وردبینی دەکات و پاشان دەچێتە سەرپێکهاتەکانی ئەوجۆرە لە گرێبەستی نەوت کە لە هەرێم پەیڕەو دەکرێت کە هاوبەشی کردنی بەرهەمە PSA.


پاشان دەچێتە ناو شیکردنەوەی هەرسێ چارەکە کەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە چارەکی یەکەم و دووەمدا چەند کێشەیەک دەدۆزێتەوە کە بە ڕای نوسەرانی لێکۆڵینەوەکە کێشەی گەورەن و دەبێت ڕوونکردنەوەی شیاو وە باوەڕپێکراو هەبێت.


لە چارەکی یەکەمدا کێشە لە تێکڕای نرخدا هەیە کە بۆ هەر بەرمیلێک ١٫٨١٧ دۆلار کەمترئەژمار کراوە دەکاتە زیاتر لە ٧٦ ملیۆن دۆلار ئەژمار نەکراوە ، پرسیار دەکەن دیلۆیت ئەمەی چۆن ئەژمار کردووە؟

 
هەر لە چارەکی یەکەمدا راپۆرتەکە بەڵگەوە دەری دەخات شایستەی کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت لە مانگی کانوونی دووەم و شوبات وەرنەگیراوە، کەواتە ئەو پارەیەی دراوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان تەنها شایستەی مانگی ئازارە و بڕی ٤٢٧ ملیۆن ٤٩٨ هەزار یان تەنها بۆ ئەو مانگە وەرگرتووە کە بەپێی گرێبەستەکان نابێت ئەوەندە بێت و بەلایەنی کەمەوە بڕی ٣٢٥ ملیۆن و ١٩٢ هەزار زیاد دراوە بکۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت! بەوردی شیکردنەوەیان کردووە بۆ شێواز و چۆنییەتی دابەشکردنی پشکەکان چ کۆمپانیا وەچ حکومەت بەپێی گرێبەستەکان. دەردەکەوێت ٣١٧٪ زیاتریان لە شایستەی مانگی ئازار وەرگرتووە! پرسیار دەکەن لەسەر چ بنەمایەک ئەو بڕە دراوە؟ تەنها کۆی ئەو سێ بڕە زیاد لە ٦٠١ ملیۆن دۆلار دەکات!

 
هەروەها بڕی ٤٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار لە داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم چارەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەوتێک کە ساڵی ٢٠١٩ بار کراوە و بە نەوتی بێمواسەفات ناونراوە بەڵام لە ٢٠٢٠ دا پارەی وەرگیراوە.

 
پاشان لە چارەکی دووەم دا بە هەمان شێوەی چارەکی یەکەم شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت زۆر زیادە و بە تێکڕا ٨٤٫٨٪ ی هەموو فرۆشی نەوتی ئەو چارەکە بۆ کۆمپانیا بەرهەم هێنەرانی نەوت ڕۆشتووە و بەپێی شیکردنەوەکانی نوسەرانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بڕی ١٩٩ ملیۆن و ٤١٣ هەزار دۆلار لە شایستەی خۆیان زیاتریان وەرگرتووە! لە کاتێکدا ئەم پشکانەی کۆمپانیاکان بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوەکەمان لە باشترین باردا بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانیان داناوە کە ناکرێت لەو بڕە زیاتر وەربگرن بەپێی گرێبەستەکان.

 
کرێی بۆری هەرێم یەکێکی ترە لە کێشەکان کە نرخێکی زۆر لە تورکیا زیاتری هەیە لەکاتێکدا درێژی بۆری هەرێم لە دوورترین ماڵەوە کە تەقتەقە ٢٥٠ کیلۆمەترە و نیوەی بەرهەمی هەرێم لەو کێڵگانەدا کە لە سنوری تورکیاوە زۆر نزیکن و ئەی تریش لە هەولێر تەنها ١٨٠ کیلۆمەترە تا تێرمیناڵی داخڵبونی بۆری تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا کرێی گواستنەوەی نەوت لەناو خاکی تورکیا کە زۆر لەوەی کوردستان درێژترە لە چارەکی سێهەمدا ١٫٢١ دۆلارە کەچی کرێی گواستنەوە بەرمیلێک بە بۆری هەرێم ٤٫٥٧ دۆلارە. ئەم خاڵە جێی پرسیارە؟

 
هەروەها باسی ئەونەوتەش کراوە کە دراوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ، بەڵام راپۆرتەکە ناڵێت بە چەند پاڵێوراوە و بەرهەمەکەی چۆن بەکار هاتووە.
لەدوای شیکردنەوەی هەر سێ چارەکەکە دەچنە سەر کرۆکی کێشەکان و لە ٩ خاڵدا کورتی دەکەنەوە و پرسیار لەسەر چۆنییەتی کارکردنی دیلۆیت دروست دەکەن و دەپرسن:


“چۆن ئەمە بەسەر دیلۆیتدا تێپەڕیوە؟ لە کاتێکدا دیلۆیت پسپۆڕی وردبینییە، وردبینێش بەشیکی هەرەزۆریی مامەڵەیە لەگەڵ ژمارەدا. ئامانجی وردبینی دەبێت دۆزینەوەی بۆشایی و هەڵەی ژمێریاری و پارەی ونبوو بێت.

 
لێرەدا پرسیار لەسەر چۆنیەتی کارکردنی دیلۆیت دروست دەبێت، چاوەڕێی دۆزینەوەی هەڵە و دیار نەمانی پارەیان لێ دەکرێت نەوەک خۆیان هەڵەی ژمێریاری بکەن! لەسەر چ بنەمایەک ووردبینیان بۆ شایستەی کۆمپانیاکان کردووە و دەیکەن؟ دەبێت گرێبەستەکان بکرێن بە بنەما، یاخود دیلۆیت گرێبەستەکانی لەبەردەست نەبووە! “


هەروەها دەپرسن چوار ساڵ زیاتر بەسەر گرێبەستی کۆمپانیای E&Y تێپەڕیوە کە بڕیارە وردبینی بۆ پاداشتە نەوتییەکان ( شیرینییە نەوتییەکان) بکات بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک بڵاو نەکراوەتەوە! دەپرسن ئایا لەم ماوەیەدا ئی ئاند وای E&Y چی کردووە؟

 
یاسای چاودێری دارایی و ڕۆڵی دیوانی چاودێری دارایی باس دەکەن و دەڵێن تائێستا گرێبەستە نەوتییەکانیان نەدیوە و هیچ ڕۆڵێکیان پێ نەدراوە لە چاودێری سەکتەری نەوتدا.

 
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا بە دوو سیناریۆ بەراوردی رادەستکردنی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەسۆمۆ یان هەموو بەرهەمی نەوت بدرێت بەسۆمۆ ، جیاوازی چەندە لە نێوان داهاتی هەرێم و سۆمۆدا و جیاوازییەکە چەندە؟


داوا دەکەن لە پەرلەمان وەکو باڵاترین دەستەڵاتی چاودێری و لێپرسینەوە پێویستە ئەم خاڵانەی لەم لێکۆڵینەوەدا هەیە بەهەند وەری بگرن و بەدواداچونی جدی بۆ بکەن و دانیشتنی پەرلەمانی لەسەر بکەن بۆ لێپرسینەوە تاوەکو بەڕاستییەکان دەگەن.


هەروەها داوا لە داواکاری گشتیش دەکەن لە ڕوانگەی ئەوەی بەپێی یاسا دەستەڵاتی بەدواداچونیان هەیە و ئەرکیان پاراستنی موڵک و ماڵی گشتییە، بۆیە هەرکردەیەک ببێتە هۆی بەهەدەر دانی ماڵی گشتی ئەوا مافی بەدواداچونیان هەیە و گەر دەرکەوت تاوانێک ئەنجام دراوە وەکو دەستەڵاتی خۆی دەتوانێت سکاڵای سزایی لەسەر ئەو کەس ولایەنە تۆمار بکات.


راپۆرتەکە کەلەلایەن یادگارسدیق گەڵاڵی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و گرێبەستە نەوتییەکان و، فریا کاڵێ هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بەڕێوەبردنی کار، ئامادە کراوە.

دەقی راپۆرتەکە..




PM:10:13:17/02/2021