حکومەتی هەرێم زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکات

وته‌بێژی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕایدەگەیەنێت" گفتوگۆی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامه‌ و كه‌شێكی‌ ئه‌رێنی‌ هه‌یه‌، گه‌شبینم به‌ ڕێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌ردوولا".

 

د. جوتیار عادل وتەبیژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند" گفتوگۆکان بەردەوامیان هەیە و تائێستاش ئەرێنی بوون، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پابەندبونەکانی کەلە بودجەدا بۆی دیاریکراوە، لەبەرامبەریشدا داوای کردوە پشکی خەڵکی کوردستان گەرەنتی بکرێت، پشکی خەڵکی کوردستانیش تەنها دابینکردنی موچە نیە، بەڵکو بودجەی هەرێم و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش بەشێکی سەرەکین لەگفتوگۆکان".

 

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ حكوومه‌ت دووپاتی‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌ركارتێك پێویست بێ‌ شاندی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا.

 

له‌باره‌ی‌ ره‌شنووسی‌ بودجه‌ی‌ كوردستانیش وتی" ره‌شنووسی‌ بودجه‌ كاری‌ تێدا ده‌كرێ‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌واو ده‌بێ‌ ڕه‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كرێ‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ نزیكدا ده‌بێ‌".

 

سەبارەت بە دۆخى قەزاى شەنگال و رێککەوتنى نێوان حکومەتى ناوەندى وحکومەتى هەرێم لەبارەى ئاسایى کردنەوەى دۆخى ئەو قەزایە، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتی" نیگەرانن لە جێبەجێ نەکردنى رێکەوتنى شنگال و داواش لە بەغدا دەکەن مادەکانى رێکەوتنەکە جێبەجێ بکات، کە بەوتەى خۆى رێکەوتنەکە دەبێتە هۆى ئارامى زیاتر بۆ ناوچەکە". 

 

لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆو كەرەنتینەوە د.جوتیار عادل ئاماژەی بەوەکرد" هێشتا زووە باسی کەرەنیتن بکەین و دوای راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بڕیار لەو بارەیەوە دەدرێت، جارێکی دیکە لە ماوەکانی داهاتوودا کۆدەبێتەوە و رێکاری نوێ دەردەکرێت".



PM:05:06:24/02/2021