هەفتەیەکە لە شاری ناسریە خۆپیشاندانە و داوای دەستگیرکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران دەکرێت، ئەمڕۆ هەینی رووبەڕووبوونەوەیەکی خوێناوی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویداو قوربانی لەهەردوولا کەوتەوە، تا ئێستا ٥ خۆپیشاندەر کوژران و ٣١٤ خۆپیشاندەرو هێزی لەو هەفتەیدا بریندار بوون.
لەنێو ئەو بریندارانەدا بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەکان ٧٧ خۆپیشاندەرو ١٤٧ برینداریان لە هێزە ئەمنیەکان و ٩٠ بریندار خەڵکی بێ لایەنن.
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی لە راگەیاندنێکدا ئاشکرا کرد کە برینداربوونی ئەو ژمارە زۆرەی خۆپێشاندەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لە ناسرییە، بەهۆی بەکارهێنانی فیشەکی راستەقینە و گازی فرمێسکڕێژو بەرد و چەقۆ و هاوشێوەکانی".
خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی پارێزگار و سەرجەم ستافی پاریزگاکە دەکەن، جگە لە دەستگیکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران.
لەخۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا باڵەخانەی ئیدارەی پارێزگای زیقار سووتاوە و رێگای سەرەکییەکان و پردەکانی لە رێگەی سووتاندنی تایەوە هاتوچۆی تێدا قەدەغەکراوە.