عەلی باپیر: زیندانیەکانی هەرێم تا ئاستی مردن ئەشکەنجەی گیراوەکان دەدەن

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان رایدەگەیەنێت" دەستگیرکراون، ئەشکەنجەی زۆر دەدرێن تا دەگەیەنرێنە لێواری مردن، بۆیە ناچار بوون و وتوویانە کاکە ئێوە چیتان دەوێت ئێمە واژۆی دەکەین."  

 
عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە تایبەت بوو بە قسەکردن لەسەر دوا کۆنگرەی ئەو حیزبە، لەبارەی حوکمدانی دەستگیرکراوەکانی بادینانەوە وتی" بەپێی زانیارییەکانم کە پێشتر چەندین ئەنداممان دەستگیرکراوە، بە زۆر دانپێدانان بە دەستگیرکراوان واژۆ دەکرێت و ناچار دەکرێن شتێک بڵێن کە نەیانکردووە."  


 ئەو لەبارەی سزادانی پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی زیاتر روونکردنەوە دەدات و دەڵێت " بە دڵنیاییەوە ئەگەر بڕیاری دادگا سەربەخۆیانە بن و ئەو کەسانە ئەو کارەیان کردبێت کە پێی تۆمەتبارن ئەوە گلەییمان نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانم، چونکە پێشتر قسەم لەگەڵ ئەو ئەندامانەی کۆمەڵ کردووە کە دەستگیرکراون، ئەشکەنجەی زۆر دەدرێن تا دەگەیەنرێنە لێواری مردن، بۆیە ناچار بوون و وتوویانە کاکە ئێوە چیتان دەوێت ئێمە واژۆی دەکەین."  


 سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئەندامێکی خۆمان کە چەندین ساڵ زیندانیکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ئازاد کرا، منیش لێم پرسی لەسەر چی گیراوی، وتوویەتی کە لێم پرسیوون من بە چ تۆمەتێک گیراوم وتوویانە تۆ لە مزگەوت زۆر نوێژت کردووە و نوێژە سونەتەکانیش دەکەیت، ئەو ئەندامەی ئێمەش وتوویەتی جا ئەوە کەی کێشەیە، خۆ ئەوە سەرپێچی نییە، ئەوانیش پێیان وتووە ئێمە بنچینەیەکمان هەیە کە نوێژی کەمتر سەلامەتی زیاتر."  

 
هەروەها لەبارەی هاوپەیمانی هیواوە لە بەغدا کە ١٥ ئەندامن لەم دواییەدا پێکهات و پەرلەمانتارانی کۆمەڵیش لە نێویاندایە، ئەو بەدووری زانی کە بۆ هەڵبژاردنیش بەو شێوەیە بمینێتەوەو وتی " ئەو هاوپەیمانێتی تایبەتە بە کارکردن لە بەغدا، ئەویش لە ئەنجامی گوێنەگرتن و فەرامۆشکردنەوە لەلایەن پارتی و یەکێتی یەوە ئەو فراکسیۆنەیان پێکهێناوە".

 


PM:01:39:27/02/2021