مەسرور بارزانی: چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانین بۆ ئاشكراكردنی لایەنی پشت هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، لە لێكۆڵینەوەكانی هێرشە موشەكییەكەی ١٥ی ئەم مانگەی سەر هەولێر، سەرەداوی باش دەستكەوتون سەبارەت بەو لایەنەی لە پشت هێرشەكەوە بووە".

 

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفزیۆنی فرانس ٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کێ لەپشتی هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێرەوە بووە، رایگەیاند" ئەو هێرشەی شەوی ١٥ی ئەم مانگە كرایە سەر بنكەی ئاسمانی هێزە ئەمریكییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، كە تێیدا ژمارەیەك كەس شەهید و بریندار بوون، گومانی تێدا نییە كە پەلامارێكی تیرۆریستی بوو".

 

وتیشی" دوای هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر، دەستبەجێ دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە، هەندێك سەرەداوی باش هەن لەبارەی ئەوەی كە ئەگەری هەیە چ لایەنێك لە پشت هێرشەكەوە بوبێت بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەباشی دەزانم چاوەڕێ بكەین تا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرادەكرێت".

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد" رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەڕەشەی بەردەوامی لە ناوچەكە دروستكردووە و لە ئێستادا داعش خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەیە و سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە، كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم درووست بووە و توانیویەتی‌ چەكداری زیاتر بباتە ناو ریزەكانی رێكخراوەكەی و تا ئێستا چەندین كردەوەیان لە دژی هێزە ئەمنییەكانی عێراق ئەنجامداوە، لە هەندێك حاڵەتیشدا هاووڵاتیانی سڤیلیش دەكەنە ئامانج، بۆیە داعش تائێستاش كێشەیەكی سەرەكییە". 

 

سەبارەت بەو بەیاننامانەی كە لەلایەن هەندێك لایەنەوە دوای هێرشەكە دەركران و بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان گرتە ئەستۆ، سەرۆكی حكومەت وتی" چەندین بەیاننامە هەبون كە دەستبەجێ  لەدوای هێرشەكە لەلایەن هەندێك كەسەوە دەركران و بانگەشەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان كردبو، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ گرنگییەك بەو بانگەشانە بدەین، بەڵكو دەبێت چاوەڕێی كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان بكەین". 



PM:08:32:27/02/2021