پۆلیسی سلێمانی زانیاری لەسەر هێرشبەرەکەی سەر غالب مەحەمەد بڵاودەکاتەوە..( زانیاری ورد لە سپی بخوێنەرەوە)



پۆلیسی سلێمانی دوا زانیاری خۆی لەبارەی هێرشی سەر پەرلەمانتار د. غالب محەمەد بڵاودەکاتەوە و دەڵێت " ئەو تۆمەتبارەی هێرشیكردە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد ناسراوەتەوەو ماڵەكەی پشكێنراوە، بەڵام بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهاتوەو هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی بەردەوامن لەهەوڵەكانیان".


نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی هێرشیكردە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی راگەیاند " لەكاتی رووداوەكەدا دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس كەشف و هێڵكاری شوێنی رووداوەكەیان كردوەو دادوەریش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبارەكە دەركردوە.


دەشڵێت " پۆلیسی سلێمانی بەردەوامە لەبەدواداچوونەكانی بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری رووداوەكە كە ناسراوەتەوە، دوای رووداوەكەش  ماڵی تۆمەتبار پشكێنراوەو لێكۆڵینەوەی تەواوەتی لەبارەیەوە كراوە".


وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی راگەیاند: تۆمەتبارەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، بەڵام هێزەكانی پۆلیس بەردەوامن لەگەڕان بەدوایداو لەهەر شوێنێك جا لەناو شاری سلێمانی بێت، یان بۆ دەرەوەی شار هەڵهاتبێت لەڕێگەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ترەوە دەستگیردەكرێت.


" سپی " زانیوویەتی ئەو تۆمەتبارە لە شەقامی سەهۆڵەکە لە سلێمانی کاری لفەی فرۆشی کردووە، رۆژی هێرشکردنەکەش لەوێوە چاودێری غالب محەمەدی کردووەو لەبەرماڵەوەیان هێرشیکردۆتە سەری.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە دەزگای موخابەراتی عێراقیش لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لێکۆڵینەوەی هاوبەشیان بۆ دۆزینەوەی هێرشبەرەکە کردووە.

 
هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ماڵی هێرشبەرەکەیان لەگەڕەکی ئازادی سلێمانی پشکنیووە، بەو پێیەی تەلەفونی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆمی پێووەو دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ناتوانن چاودێری هێلەکانی ئەو کۆمپانیایە بکەن، پشتیان بە موخابەراتی عێراقی بەستووە، دواتر ئەو تۆمەتبارە هەڵهاتووە بۆ گەڕەکی سلێمانی تا ئەو شوێنە هێزە ئەمنییەکان شوێن پێیان هەڵگرتووە، بەڵام لەوێوە لێیان ونبووە.

 
هەندێک زانیاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە دەکەن کە لەسلێمانی نەماوەو هەڵهاتووەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەڵهاتووە بۆ هەولێر.

 


PM:11:31:01/03/2021