" هەر پلە تایبەتێك فۆرم پڕنەكاتەوە موچەكەی رادەگیرێت "

بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" لە ئێستادا فۆڕمێکیان پێشکەشی ھەموو پلە تایبەتەکان کردووە، کە پێویستە پڕی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن کێ یاساییە و کێش نایاساییە، ئەوەی پڕیشی نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت". 

سەباح موخلیس بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" فۆڕمێکمان بەسەر ھەموو پلە باڵاکان وەکو وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دابەش کردووە، بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە و ھەموو زانیارییەکمان بۆ ئاشکرا بکەن، چونکە لە کاتی خۆی کەسێک ھەبووە وەزیر بووە و دۆسیەکەی کەموکوڕی ھەبووە، بۆیە پێویستە بەو فۆڕمە زانیارییەکان پڕ بکرێتەوە، کە ئەوەی یاسایی بێت پڕی دەکاتەوە و ئەوەی نایاساییش بێت ئاشکرا دەبێت، بۆیە لە ئێستادا خەریکە فۆڕمەکە تەواو دەبێت، بەڵام زۆرینەی پڕیان کردووەتەوە، تەنها ئەوانەی دەرەوەی وڵات ھێشتا پڕیان نەکردووەتەوە و دوای پڕکردنەوە و تەواوبوونی فۆڕمەکەش، ئەوکات پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و رێک دەخرێتەوە، کە پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن".

موخلیس وتیشی" ئەوەی فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت تاوەکو فۆڕمەکە پڕ دەکاتەوە". 

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە چاکسازیکردن لە پلە تایبەتەکان گەیشتووینەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە ٧٥٠ کەس دەبن و ئەوانیش ٩٠%ی تەواو بووە و ئەگەر ئەوانەش تەواو بێت، ئەوانی دیکە وەکو وەزیر و بریکار ژمارەیان کەمە و زۆر نییە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە" لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش خەڵکی نایاسایی تێدایە، بەڵام تا تەواو نەبین، نازانین ژمارەیان چەندە و کاتێک تەواو بووین، ئەوکات ژمارەیان دیار دەبێت".

PM:12:57:03/03/2021