نێچیرڤان بارزانی: هێرشەکەی سەر (عەین ئەسەد) سەرکۆنە دەکەم

سەرۆکی هەرێم بەتووندی سەرکۆنەی هێرش بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عەین ئەسەد دەکات و رایدەگەیێنێت" دووباره‌بوونه‌ى به‌رده‌وامى په‌لاماردان و هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش به‌ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراقه‌". 

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی ئەمڕۆی بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار دەكات و دەڵێت" زۆر بە توندی سەر كۆنەی ئەو هێرشە مووشەكییە دەكەم كە ئەمڕۆ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمەریكا لە بنكەی عەینولئەسەدی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق كردە ئامانج و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێك گیانی لەدەستدا. سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاریی قوربانییەكە دەكەم، لەم كاتە سەختەدا هاوسۆز و هاوخەمیانم".

سەرۆكی هەرێم جەختی كردۆتەوە كە، دوباره‌بونه‌ى به‌رده‌وامى په‌لاماردان و هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش كه‌ له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ بۆ پشتگيرى و هاوكاريكردنى له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تيرۆر له‌ عێراقن، به‌ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراقه‌ و ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات و ئێستا و داهاتوى ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە" بێگومان عێراق لە دۆخی ئێستایدا هێشتا پێویستی بە بەردەوامیی هاوكاری و یارمەتیدانی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییه بۆ ڕێگری لە بەهێزبوونەوەی داعش و لەناوبردنی یەكجارەكیی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییەی رۆژ بە رۆژ هەڕەشە و مەترسییەكەی زیاتر دەبێت و كردە سەربازییەكان و جموجۆڵە تیرۆریستییەكانی فراونتر دەبن".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە کۆتایی پەیامەكەیدا داوا لە حكومەت و پەرلەمان و هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە و گەلانی‌ عێراق دەكات، بەرامبەر ئەم هێرش و پەلامارانە بێنە دەنگ و رێگە نەدرێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكان و داهاتووی ئەوان، عێراق بكرێتە گۆڕەپانی پێكدادان و یەكلاكردنەوەی ململانێكان.



AM:12:01:04/03/2021