حکومەتی هەرێم لەبارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتریی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغداد كردووە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" کە بە نوسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی داوەتەوە". 

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

ڕاگەیەندراوێک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.

لە کاتێکدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناخەکانییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەکانی دووپات دەکاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هاتووە.

حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەکانی نەوتی (پشتبەست بە ڕاپۆرتی ووردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنووریەکان و بڕی داھاتەکانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی وئابووری ھەرێم. ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكرا كردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی ، بۆ ڕای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە.

هاوكات ھەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت.

د.جوتيار عادل 
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2021/3/6



PM:08:14:06/03/2021