شاندێكی بەغداد سەردانی هەرێم دەكات

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رایده‌گه‌ێنێت" بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن و چارەسەری گرفتی نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم، دروستکردنی چەند لیژنەیەک بۆ چارەکردنی گرفتەکان، بڕیارە شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات". 

 

فەتحی مەجید وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" بڕیار دراوە چەند لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق دروست بكرێن، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە بواری بازرگانی لە نێوان ھەردوولا ھەن بە ھاوبەشی چارەسەریان بكەن، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێكی گرنگ بۆ بووژانەوەی كەرتی بازرگانی". 

وتیشی" بڕیارە ھەر گرفتێك ھەبێت لە بواری بازرگانی لە نێوان ھەردوو لا، لیژنە ھاوبەشەكان كە ئێستا سەرقاڵی دروستكردنین، چارەسەری بكات و ھیچ گرفتێك لە نێوان ھەردوولا نەمێنێت، بۆیە ئێمە سەردانی بەغدامان كرد و بڕیارە لە زووترین كاتیشدا شاندێكی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی بتوانین بە زوویی ئەو كێشانەی ھەن، چارەسەریان بكەین". 

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر بازرگانانی ئێمە كە كەلوپەلیان دەبرد بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق، كە مۆڵەتیان لای ئێمە ھەبوو، ئەگەر مۆڵەتی بەغدایان نەبووایە، رێگرییان لێ دەكردن، بەڵام ئێستا ئەوەی مۆڵەتی حكوومەتی ھەرێمی ھەبێت، رێگری لێ ناكەن و ئەو كێشەیە چارەسەر كرا، بۆیە ھەر گرفێتك ھەبێت، ئەو لیژنانە چارەسەری دەكەن.



PM:10:30:06/03/2021