رۆژێک پشووی فەرمی لە هەرێم راگەیەندرا

بەبۆنەی بۆنەی ساڵیادی راگەیاندنی رێكکەوتننامەی ١١ی ئازار، بڕیارە رۆژێک پشوو لە هەرێم رابگەیەندرێت.

بەپێی خشتەی پشووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ١١ی ئازاری ٢٠٢١ پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆنەی ساڵیادی راگەیاندنی رێكکەوتننامەی ١١ی ئازار. 

 

رێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان حکومەتی ئەوکاتی عێراق و مەلا مستەفا بارزانی لە باشوری کوردستان واژۆکرا، یەکەمجاربوو حکومەتی عێراق دان بە مافەکانی کورد دابنێت، هەر بە پێی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو تاوەکو ساڵی ١٩٧٧، بەڕێی سەرژمیری گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاریبکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداری حکومەتی عێراق بکات.

 

بەهۆی یەکلانەبوونەوەی پرسی کەرکووک و داواکردنی پشکی نەوتی ئەو شارە بۆ کورد لە لایەن  مستەفا بارزانی حکومەتی عێراق ئەو داوایەی بە راگەیاندنی شەڕ ناوزەدکرد و لە ساڵی ١٩٧٤، تاکلایەنە بڕیاری ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان دا، بە بێ ئەوەی ئەو ناوچەی ئۆتۆنۆمییە، شاری کەرکووک و قەزاکانی خانەقین و شنگال بگرێتەوە. 



AM:09:13:08/03/2021