مەسرور بارزانی: پێداگری لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد دەکەینەوە

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایدەگەیەنێت" پێداگریی لەسەر چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکەینەوە". 

 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ یادی پەنجا و یەک ساڵەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ١٩٧٠ دەکەینەوە کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر".

دەشڵێت" خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، حکومەتی ئەوکاتەی عێراقی ناچار کرد کە بۆ یەکەم جار، بە شێوەیەکی فەرمی دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. هەرچەندە بەداخەوە حکومەتی عێراق دواتر، ڕێککەوتننامەکەی پێشێل کرد و پاشگەزبووەوە و سەرئەنجام پەنای بۆ توندوتیژی و شەڕ لە دژی خەڵکی کوردستان بردەوە". 

سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا باسی لەوەشکردووە، ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بوو، خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو بۆ بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕەتکردنەوەی شەڕ و ماڵوێرانیی.

 

جەختیشکردەوە، پێداگیریی لە سەر چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکەینەوە لە سەر بنەمای پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و چەسپاندنی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق.

 

رێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان حکومەتی ئەوکاتی عێراق و مەلا مستەفا بارزانی لە باشوری کوردستان واژۆکرا، یەکەمجاربوو حکومەتی عێراق دان بە مافەکانی کورد دابنێت، هەر بە پێی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو تاوەکو ساڵی ١٩٧٧، بەڕێی سەرژمیری گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاریبکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداری حکومەتی عێراق بکات.

بەهۆی یەکلانەبوونەوەی پرسی کەرکووک و داواکردنی پشکی نەوتی ئەو شارە بۆ کورد لە لایەن  مستەفا بارزانی حکومەتی عێراق ئەو داوایەی بە راگەیاندنی شەڕ ناوزەدکرد و لە ساڵی ١٩٧٤، تاکلایەنە بڕیاری ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان دا، بە بێ ئەوەی ئەو ناوچەی ئۆتۆنۆمییە، شاری کەرکووک و قەزاکانی خانەقین و شنگال بگرێتەوە. 



PM:02:05:11/03/2021