ئاسایشی سلێمانی لەبارەی بکوژانی بەردەم یانەشەوانەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" تەقەکەرانی بەردەم یانەشەوانەکەی سلێمانی دەستگیرکران و دەست بەسەر سەرجەم ئەو کەرەستە و ئۆتۆمبێلانەشدا گیراوە کە تاوانەکەیان پێ ئەنجامدراوە". 

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەرواری ١١-١٢/٠٣/٢٠٢١ کاتژمێر 1:10 خولەکی نیوەشەو لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە چەکی ئۆتۆماتیک دەستڕێژی گوللە کرایە ناو کۆگایەکی فرۆشتنی ماددە کحولییەکان بەناوی (قەڵادزێ)، لە شەقامی گشتی چەق چەق – قلیاسان  و لە ئەنجامی ئەو تاوانەدا، دوو کەس کوژران و دووی دیکەش برینداربوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای رووداوەکە، بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان تیمێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەش پێکهێنراوە لە بەشە پەیوەندیدارەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا توانیویانە تاوانباران دەستنیشان بکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانراوە سەرجەم تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیر بکرێن و بەوە کەرستە و ئۆتۆمبێلانەی کە تاوانەکەیان پێ ئەنجامداوە، رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاسایشی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە" دانیشتووانی سلێمانی دڵنیا دەکاتەوە، وەک هەمیشە پابەندی بەڵێنی خۆیان دەبن لەوەی کە شەو و ڕۆژ و بێ گوێدانە ماندووبوون لە خزمەت هاوڵاتیاندابن و لە ڕێگەی یاساوە تاوانبارانی لەوجۆرە بە سزای دادپەروەرانە بگەیەنن". 

لە شەوی ١١ لەسەر ١٢ی ئەم مانگە،
لە ئەنجامی شەڕە تەقە لە نزیک یەکێک لە یانە شەوانەکانی سلێمانی، دوو كەس كوژان و دووانی تر بەسەختی بریندار بوون. 



PM:11:29:13/03/2021