لەبارەی دابەشکردنی موچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە رونکردنەوە دەدرێت

جێگرى سوپاسالارى هێزى پێشمەرگە رایدەگەیەنێت" ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان سوورن لەسەر بڕیاری پێدانی سێ مووچە بە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە". 

لیوا قارەمان کەمال، جێگرى سوپاسالارى هێزى پێشمەرگە لەبارەی دابەشکردنی سێ مووچەکەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بە فەرمی ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگەی کردووەتەوە کە وا ئەو سێ مووچەیە دەدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە".

ئاشکراشیکرد، تا ئێستا هاوپەیمانان ئەو بڕە پارەیان نەخستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت کە بڕیارە بدرێت بە سێ موچەی لیوا هاوبەشەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پارەیە تەنها لیواکان و بنکەکانی مەشق و راهێنان دەگرێتەوە، بەڵام دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ناگرێتەوە، هەروەها لەومەودوا هەر هاوکارییەک لەلایەن هاوپەیمانانەوە  کە دەنێرێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە راستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا لیوا قارەمان باسی لەوەشکرد، داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم کراوە کە موچەکان بەبێ لێبڕین بدرێتە لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە.


PM:11:15:18/03/2021