ئەحمەدی حاجی رەشید وردەکاری و دوایین زانیاری لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات

ئەحمەد حاجی رەشید وردەكاری رێكەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشكرا دەكات و دەشڵێت" ئەو پێی باشە هەرێم لەسەر رادەستكردنی نەوت رێكبكەوێت نەك داهاتەكەی". 

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە" لەدانوستانی بوجەدا شاندی هەرێم لەسەرەتاوە لەگەڵ حکومەت ڕێکەوتون لەسەر ڕادەستکردنی داهاتی 250000 (دوسەدو پەنجا هەزار) بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ لەگەڵ 50% داهاتی فیدراڵی و پاشانیش لەگەڵ هێزە سیاسیەکان ڕێکەوتون بەتایبەت هێزە شیعیەکان لەسەر هەمان بابەت و بڕ و لەئێستادا ئەو دەقە کۆتادەقە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پێی باشە کە هەرێم لەسەر ڕادەستکردنی نەوت ڕێکبکەوێت نەک داهاتەکەی، "ئەوەی هەرێم رازیبوە لەسەری دەبێت بۆ رادەستکردنی داهاتی یەک بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ دەبێت دو بەرمیل و نیو بفرۆشێت تا پارەی بەرمیلێک نەوت بدات، لەبەرانبەردا هەرێم سودی ئەوەی دەست دەکەوێت کە شەرعیەتی یاسایی بەدەست دەهێنێت بۆ فرۆشتنی نەوت و حکومەتی فیدڕاڵ ناتوانێت هیچ جۆرە سکاڵایە لەدژی هەرێم لەدادگای ناوخۆیی بێت یان لەدەرەوە تۆمار بکات لەمەو دوا.

باسی لەوەشکردوە، ئەگەر زۆرە  وڵاتی تورکیا ئەو سکاڵایە بباتەوە کە عێراق لەدادگای پاریس لەسەری تۆمار کردوە و داوای 26 ملیار قەرەبوی لێدەکاتەوە.

رونیشیکردەوە، ئەگەر ڕێکەوتنەکە جێبەجێکرا ئەوا هەرێم  لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ نزیکەی 750 (حەوت سەدو پەنجا) ملیاری دەست دەکەوێت کە لەسری دەکرێتە ماڵ، لەباشترین حاڵەتدا حکومەتی فیدڕاڵ بەسیستەمی مقاسە بڕی 250 (دوسەدو پەنجا) ملیاری بۆ بنێرێت، بەڵام هەرێم دەبێت پارەی کۆمپانیاو کرێی ئەو شتانەی دیکە بدات کە 55% داهاتی نەوتەکەیەتی بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە دیسان بەشی خەرجیەکانی ناکات. 

ئەحمەدی حاجی رەشید دەشڵێت" ئەگەر بڕگەی (نفقات فعلیەی) سەردەمی  عبادی جێبەجێ بکەن  ڕەنگە ئەو بڕەش نەنێرن ، کەواتە بۆ دانوستامان کرد، ئەگەر سیستەمی مقاسە نەکرێت یاسای ئیدارەی دارایی مادەی 27 بڕگەی 5   جێبەجێ نەکرێت ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا هەرێم هیچ نەدات و بەغداش هیچ، کەواتە زەرەر مەندی سەرەکی هاو وڵاتی دەبێت".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لەبارەی دەنگدان بە پڕۆژەکە وتی" من دەنگ نادەم بەبوجەیەک بۆ بەرژەوەندی سیاسیەکان و بنەماڵە دەست ڕۆشتوەکان نوسرابێت و لە بەرژەوەندی خەڵک نەبێت، دەنگ نەدانیش مەرج نییە نەچمە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆوە". 


PM:01:03:28/03/2021