فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە

‌وێنە.. ئەرشیف
لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەکەن، ‌حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌سه‌ندكردن و  جێگیركردنی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق، ده‌ستبكرێت به‌ هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست.

لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران کراوە نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات" له‌گه‌ڵ به‌سه‌ندكردن و ‌جێگیركردنی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق، ده‌ستبكرێت به‌ هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست".

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، زۆرینەی فەرمانبەرانی گرێبەست نەک تەنیا ماوەی یاسایی خۆیان تەواوکردووە بەڵکو ساڵانی خزمەتیان لە نێوان (4 - 15) ساڵدایە و تا ئێستا نەکراونەتە هەمیشەیی.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بەڕێز سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
بەڕێزان وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان
بەڕێزان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتمەندەکان

ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە زۆربەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە شاهیدی ئەو دەزگایانەی کاری لێدەکەین ئەرکێکی قورس بە موچەیەکی زۆر کەم بەجێ دەهێنین و ماوەی چەندین ساڵیشە سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە یاسا هەمیشەییبوونمانی دوای سێ ساڵ خزمەت بڕیار لێ داوە حکومەتی هەرێمیش چەندین جار بەڵێنی بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەستی داوە.

بەڕێزان زۆرینەی فەرمانبەرانی گرێبەست نەک تەنیا ماوەی یاسایی خۆمان تەواوکردووە بەڵکو ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (4 - 15) ساڵدایە و تا ئێستا نەکراوینەتە هەمیشەیی.

هەروەها لە سیستمی پاشەکەوتی موچە ئێمە زەرەرمەندی یەکەم بووین و بە نیو مووچەوە کە بۆ زۆربەمان تەنیا 200 هەزارێک بووە لە مانگێکدا دەوامی تەواوی خۆمان کردووە و لە ئەرک دانەبڕاوین، وەک لاتان ئاشکرایە لە ئێستاشدا 21% ی موچەکانمان دەبڕێت و بێ هیچ ئیمتیازاتێک حسابی فەرمانبەرێکمان بۆ دەکرێت کە موچەکەی یەک ملیۆنە لەکاتێکدا ئێمە زۆرینەمان موچەی تەواوەتیمان لەنێوان (350 - 500) هەزار دیناردایە.

هاوکات دەمانەوێت وەک بەرچاو ڕوونی بۆ بەڕێزتان ئاماژە بەوە بدەین کە ساڵی ڕابردوو مامۆستایانی گرێبەست کرانە هەمیشەیی کە هەم بارگرانی داراییان بۆ حکومەت دروست ئەکرد هەم ساڵانی خزمەتیان نەگەشتبووە ئەو بڕگەیەی کە لە یاسای دەرچووێنراوی پەرلەمان ئاماژەی پێدراوە، وە هەر لەم ساڵدا چەند کەسێک لە ئەنجومەنی وەزیران و هاوکات زیاتر لە 170 کەس لە وەزارەتی کشتوکاڵ کراونەتە هەمیشەیی.

هاوکات وێڕای پیرۆزباییمان لە جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق ڕایدەگەیەنین کە هیچ پاساوێک نەماوە بۆ بە هەمیشەییکردنمان و داواکارین لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بودجەی گشتی عێراق و بەر لە ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بڕگەیەکدا بچەسپێت ئەو داوایەشمان لەو ڕوانگەیەوەیە کە لەکاتی بە هەمیشەییبوونمان مووچەی زۆرینەمان کەم دەکات و بە هەمیشەیی بوونی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بڕی دوو ملیار دینار خەرجی مووچە بۆ حکومەت دەگێڕێتەوە ئەوەش بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە سەلمێنراوە.

هەروەها داواکارین لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان بەبێ جیاوازی پشتیوانی داواکانمان بن لەکاتی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان.

هاوکات هۆشداریش دەدەین لە ئەگەری پشت گوێخستنی داوا ڕەواکەمان سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەت بە بەرپرس دەزانین و ناڕەزایی 29 هەزار فەرمانبەری گرێبەست کە هەریەکەیان لە خێزانێکی زەحمەتکێش و هەژاری ئەم وڵاتەوە هاتوون ڕووبەڕووی سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دەبێتەوە بۆیە داوای بڕیاری بەپەلە و جدی دەکەین لەوبارەیەوە.

لەگەڵ ڕێزدا
نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان


AM:11:08:01/04/2021