مەرجەعێکی شیعە یەکەم رۆژی رەمەزانی دیاریکرد


ئایەتوڵڵای عوزما كەمال حەیدەری کە یەکێک لە پیاوە ئاینییە باڵاکانی شیعە، فەتوای دەرکرد كە بەپێی حساباتە فەلەكییەكان رۆژی سێ شەممە كە هاوتای ١٣ نیسان دەكات یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ دەبێت. 
  
ئایەتوڵا عوزما کەمال حەیدەری لەبەیاننامەیەكدا دەڵێت " دیدگای فیقهی حەیدەری پشت بەستنە بەحساباتی زانستی و فەلەكی یەكلایی كە كێشە و مشتومڕی لەسەر نەبێت، ئەو حسابانەش ئاماژە بەوە دەكەن كاتژمێر ٢:٣١ خولەكی ئێوارەی دوو شەممە ١٢ نیسان مانگی ڕەمەزان لەدایك دەبێت و نوێ دەبێتەوە".

هەروەها دەڵێت " بەكاتی جیهانی و ئێوارەكەشی بە دووربین و تەلەسكۆب دەكرێت مانگ بەچاو ببینرێت لەبەر ئەمەش سێ شەممە یەكەم ڕۆژی ڕەمەزانە".

پێشتر عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێڕاق رایگەیاند کە ١٤ ی نیسان یەکەم رۆژی رەمەزانە. هەرچی سونەکانی عێراقە رۆژێک پێشتر رەمەزان دەستپێدەکات. 
  
ئایەتوڵڵا كەمال حەیدەری مەرجەعێكی شیعەی عێراقی نیشتەجێی شاری قومە، لەدایكبووی شاری كەربەلایە (1956) و بەبیروبۆچوونە تایبەتەكانی ناسراوەتەوە و لەعێراق و ئێرانیش شوێنكەوتەی هەیە.  



PM:12:50:08/04/2021