سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ڕێکخەری سەنتەری میترۆ کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان کرد.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئازادی ڕۆژنامەوانیی دەکات و پێویستە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە پێدانی زانیاریی دروست، يارمەتیدەری کاری ڕۆژنامەوانیی بن، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، پیشەییانە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ وێڕای خستنەڕووی کار و چالاکییەکانی سەنتەرەکە، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی کرد و خوازيار بوو، بە هاوکاری هەموو لایەک، ئازادی کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی زانیاری بەرفراوان بکرێت، کە مەرجێکی گرنگی پێشکخستنی دیموکراسییە لە کوردستاندا.


PM:08:42:13/04/2021