سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ده‌وڵه‌تى عیراق ده‌بێ كه‌سوكارى قوربانییان له رووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه قه‌ره‌بوو بكاته‌وه، دەشڵێت" پێویستە تاوانی ئەنفال له پرۆگرامه‌کانی خوێندن و له هه‌موو شوێنێکی پێویستدا دۆکیۆمێنت بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئه‌مڕۆ ١٤ى نیسان یادى سى و سێ ساڵه‌ى ئه‌نفاله به‌دناوه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه كه له یه‌كێك له دڕه‌نده‌ترین تاوانه‌كانى رژێمى پێشووى عیراقدا، بێ جیاوازى و بێ سڵه‌مینه‌وه سه‌دان هه‌زار ئافره‌ت، پیاو، منداڵ و پیرى بێگوناهى كوردستان راپێچى بیابانه بێمه‌فه‌ڕه‌کانى مه‌رگى به‌كۆمه‌ڵ كران و بێباكانه زیاتر له ١٨٢ هه‌زار هاوڵاتى كۆمه‌ڵكوژ و زینده‌به‌چاڵكران. ژینگه و سروشتى جوانى وڵاته‌كه‌مان وێرانكرا و شوێنه‌وارى ژیان به یه‌كجارى له هه‌زاران گوند و شارۆچكه‌ى كوردستان سڕایه‌وه".
ئاماژەی بەوەشکردووە" له‌م یاده‌دا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانى پاكى شه‌هیداندا داده‌نوێنین، به رێز و شكۆوه یادیان ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ هه‌میشه به زیندوویى له یاده‌وه‌ریى گه‌لى كوردستاندا ده‌مێننه‌وه. دروود بۆ ئه‌وان و سڵاو و رێز بۆ خانه‌واده و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین كه به‌رگه‌ى ژان و ئازارێكى قووڵى بێ بڕانه‌وه‌یان گرتووه و ده‌گرن. پێویسته هه‌رچی له توانادایه خزمه‌تی زیاتر و باشتر پێشکه‌ش به که‌سوکاری شه‌هیدان بکرێت".
سەرۆکی هەرێم باسی لەوەشکردووە، یادى شه‌هیدان و مێژووى پڕ له خوێن و فرمسێكمان ده‌بێ هانده‌رى ته‌بایى و یه‌كڕیزى بێت و هه‌موومان پێكه‌وه كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگیز جارێكى دیكه كاره‌ساتى ئاوا به‌سه‌ر گه‌لى كوردستان و له هیچ شوێنێك به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا نه‌یه‌ته‌وه.
ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئه‌وه‌ى دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق ئه‌نفاله‌كانى به جینۆساید و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساند، ده‌وڵه‌تى عیراق ده‌بێ كه‌سوكارى قوربانییان له رووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه قه‌ره‌بوو بكاته‌وه و داواكارین ئه‌و ئه‌ركه یاسایى و ئه‌خلاقییه‌ى خۆى جێبه‌جێ بكات و دادوه‌ری بێته دی. هه‌روه‌ها داواكارین كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و تاوانكارییانه به جینۆساید بناسێنێت. ده‌بێ ئه‌و تاوانه له پرۆگرامه‌کانی خوێندن و له هه‌موو شوێنێکی پێویستدا دۆکیۆمێنت بکرێت.