ڕێواز فایەق: پەرلەمانی كوردستان لەناو سیستەمی سیاسی هەرێم پەراوێزترین دامەزراوەیە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ژن بون کاریگەری هەیە لە سەر پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی پەرلەمان و بە گشتی هەڵسەنگاندنى کارەکانی پەرلەمانی کوردستان جۆرێک لە "دوفاقی و بێویژدانی"شی تێدایە، کە بە بەردەوامی خەریکی بەراوردکردنی کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانن لەگەڵ کاری خولەکانی دیکە لەسەر ئاستە جیاوازەکان، دەشڵێت" پەرلەمانی كوردستان لەناو سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستاندا پەراوێزترین دامەزراوەیەو خولەكانی تری پەرلەمانی كوردستان چییان كردووە تا ئەم خولە نەیكردبێت؟". 

د.رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا سەبارەت بە ئەزموونی وەك یەكەم ژن لەو پۆستەدا رایگەیاندووە "لە ڕاستیدا لە سەرەتاكانی كە بووم بە سەرۆكی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەك پێشبینی ئەوەم نەدەكرد كە ژن بوون كاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن كارەكانی پەرلەمانی كوردستان وەكو دامەزراوە هەڵدەسەنگێنرێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات بۆم دەركەوت كە بەڵێ ژن بوون كاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی پێوەرەكان بۆ هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان، بەگشتی كارەكانی پەرلەمان جۆرێك لە دووفاقی و بێویژدانیشی تێدایە بەوەی كە بە بەردەوامی خەریكی بەراوردكردنی كارەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستانم لەگەڵ كاری خولەكانی تری پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستە جیاوازەكان، بە بەردەوامی لەگەڵ نزیكترین خول كە خولی چوارەمە بەراوردی دەكەم لەگەڵ خولی سێ بەراوردی دەكەم كە بابڵێین ئەو كاتە ئۆپۆزیسیۆن بەهێزبوو لەگەڵ خولی یەك و دووش بەراوردی دەكەم كە ئەو كاتە یەكێتی و پارتی بە تەنها خۆیان بوون ئەركی سەرۆكی پەرلەمان تا ڕادەیەك دەتوانم جگە لەو ماوەیەی شەڕی ناوخۆ بوو ئاسان بوو، هەستدەكەم ئەو پێوەرانەی ئێستا پەرلەمانی كوردستانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت زۆر جیاوازە لەو پێوەرانەی كاتی خۆی پەرلەمانی كوردستانی پێهەڵدەسەنگێنرا".


د. ڕێواز سەبارەت بە بەشێك لەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێم دەكرێت؟ ئاماژەی بەوەكردووە "بەبەردەوامی گوێم لەو قسەیە دەبێت كە خەڵكی دەستەبژێر، خەڵكی ئاسایی هەرچی دەڵێت، دەیڵێت لە موعاناتی خۆی و لە خەمەكانی خۆی لەوەی كە فەرمانڕەوایی لە هەرێمی كوردستان لە ئاست و خواستی ئەودا نییە هەرچی دەڵێت ئەم بەشەی ئاساییە، بەڵام لەسەر ئاستی دەستەبژێر گوێم لەوە دەبێت كە ئەمە لاوازترین خولی پەرلەمانی كوردستانە، بەبێ ئەوەی بڵێت بۆ لاوازترین خولی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە كە یەكێك بە بەهێز ئەژماردەكرێت و یەكێكی تر بەهێزتر ئەژمار ئەكرێت و یەكێك بە لاواز ئەژماردەكرێت دەبێت پێوەرێك هەبێت و بوترێت ئەمە پێوەرەكەیە. بێگومان پێوەرەكان جیاوازن".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەربارەی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەم خولەی پەرلەمان كوردستان دەكرێت روونكردنەوەی زیاتر دەدات و وتی" دەمەوێت پۆلێنی بكەم بۆ پۆلێنەكان جیاوازە، بەشێكی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، ئێمە سوپایەك لەخەڵكمان نییە كە بە دەورمانەوە بێت و نووسەری دەرباربێت یان با بڵێین چەپڵە لێدەرو ئەوانە بێت بڵێت فڵان كەس زۆر گرنگە و پاڵەوانە و دەسەڵاتی بۆ گەل گەڕاندنەوە و ئەوەی تۆ كردووتە كەس نەیكردووە نیمە و بڕواشم پێی نییە بەوەی كە پارە خەرج بكەم بۆ بەدەستهێنانی ئەم جۆرە لە پشتیوانییە موزەیەفە فەیكە، چونكە پێموایە بە تێپەڕبوونی كات هەموو ئەو پاڵەوانانەی شێرە بەفرینەی كە خەڵكی تر دروستیكردوون لە بنەڕەتیشدا ناوەرۆكیان وانیین ڕۆژێك دێت دەتوێنەوە."

د.رێواز سەبارەت بە پێوەری ڕەخنەكان بۆ ئەم خولەی پەرلەمان زیاتر وتی" بەشێكی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كەس لە سەرۆكی پەرلەمانێكی ژن ناترسێت لەوەی هەرچی پێ بڵێت كە ڕەنگە كاردانەوەیەكی بەرامبەری هەبێت بە شێوەیەك لە شێوەكان كە زیانی پێدەگات لەبەرئەوە هەرچی بە دڵی بێت دەیڵێت ئەوەش بەلای خۆمەوە هەر ئاساییە، بەشێكی تر پەیوەندی بەوەوە هەیە كە لەناو حیزبە سیاسیەكاندا و لەناو خەڵكیش ڕەنگە ئاسان بێت قسە وتن بە ژنێك لە پێگەیەكدایە خۆشی ڕەنگە بەشێكی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە نایانەوەێت ژنێك سەركەوتووبێت لەو پێگەیەدا جارێكی تر ژنێكی تر بیر لەوە نەكاتەوە كە داوای ئەو پۆستە بكات هەرچەندە خۆم پێموانییە كەسێكی سەركەوتوونیم ئەگەر كاریگەرییەك لەسەر پەرلەمانی كوردستان هەبێت لە ئاستی خواستی خەڵكدا نەبێت ئەمە پەیوەندی بە كەسەكانەوە نییە، پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و ئابوری و پەیوەندی هێزە سیاسیەكان، پەیوەندی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگە مەدەنییەكان و میدیاوە هەیە."

سەبارەت بەبەراوردكردنی ئەم خولەی پەرلەمان كە دەوترێت لاوازترین خولی پەرلەمانە؟ لە وەڵامدا د. ڕێواز دەڵێت "بێگومان دەبێت پێوەر هەبێت وەكو لە سەرەتای قسەكانمدا وتم واتە بۆ ئەوەی بوترێت ئەمە لەوە جوانترە دەبێت پێوەر هەبێت، ئەمە لەمە باشترە دەبێت پێوەریان هەبێت، من نازانم پێوەرەكانی ئەو بەڕێزانە چییە ڕەنگە بە پەیوەندی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت بە شێوەیەكی گشتی وەكو لە سەرەتاوە وتم با بەراورد بكەین خولەكانی تری پەرلەمانی كوردستان چیان كردووە تا ئەم خولە نەیكردبێت؟! ئەگەر بۆ نموونە بڵێین پەرلەمانی كوردستان لەناو سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستاندا پەراوێزترین دامەزراوەیە دروستە، بوترێت كەمترین ڕۆڵی هەیە لە ڕەسمی سیاسەتدا دروستە بەڵام ئەوە نەك بۆ ئەم خولەی پەرلەمان."

هەروەها دەڵێت "پرسیارە ئەساسیەكە ئەوەیە ئێمە سێ چوار ئیشمان هەیە، ئەساسی سێ ئیشمان هەیە و ئیشی تریشمان هەیە، بۆ نموونە دیپـلۆماسیەتی پەرلەمانی یەكێكە لە ئیشەكان لەناو پەرلەماندا بەو شێوەیە ڕەسم نەكراوە یاسادان و پەسەندكردن و چاودێریكردن كراوە لە چ خولێكی پەرلەمانی كوردستاندا چ وەزیرێك بۆ نموونە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە و نێردراوەتەوە ماڵەوە كە لەم خولەدا ئێمە نەمانتوانیبێت بیكەین لە چ خولێكی پەرلەماندا، پەرلەمانی كوردستان لە كاتی 17 ی شوبات بە ڕێكەوتنی نێوان پەرلەمان و حكومەت، وە كاك بەرهەمیش جۆرێك لە مرونەتی هەبوو بە ناوی لێپرسینەوە هاتە پەرلەمانی كوردستان".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەر لەسەر بابەتی چاودێریكردنی پەرلەمان بەسەر حكومەتەوە وتی" ئەگەر لە من بپرسرێت ئەگەر من حیزبی سیاسی یەكەم بم، ئەگەر من زۆرینەی پەرلەمانی بم و حكومەتم دروستكردبێت بە بەردەوامی لە كاتی قەیراندا بیر لەوە دەكەمەوە كە سەرۆك وەزیران و كابینەكە بهێنمە بەردەمی پەرلەمان بە ناوی پرساندنەوە جارێكی تر متمانەیان پێبدەمەوە ئەگەر عەقڵیەتی سیاسی ئێمە كراوەبێت و بیەوێت مامەڵە لەگەڵ قەیراندا بكات بە عەقڵیەتێكی كراوە، ئەسڵ ئەوەیە گومان لەسەر متمانەی پەرلەمان وە متمانەی خەڵك بە كابینە دروست بوو باشترین بیركردنەوە ئەوەیە كابینە بهێنرێتەوە بەردەمی پەرلەمان لە كاتێكدا زۆرینەی زەمانە لەبەر ئەوە پێویست ناكات بەو دوودڵیەوە وەربگیرێت، ئەمە بە دوودڵیەوە مامەڵەی لەگەڵ كراوە جگە لەو حاڵەتە".

د. ڕێواز فایەق دەشڵێت" بە دیاریكراوی باسی كابینەی نۆ دەكەم، زیاتر لە 89-90 دەنگ واتە بە زۆرینەیەكی ڕەها كابینەكە متمانەی وەرگرتووە، وە هەر ساتێك كابینەكە بخرێتە بەر پرساندن و بهرێنەتەوە ناو پەرلەمانی كوردستان كابینەكە متمانە وەردەگرێتەوە، وە باوەڕی خۆم وایە ئەو سەرۆك وەزیرانە یان جێگری سەرۆك وەزیرانە یان ئەو وەزیرەی دوای ئەوەی گومانی لەسەر دروست دەبێت و قسەی لەسەر دروست دەبێت و دێتە پەرلەمان جارێكی تر متمانە وەردەگرێتەوە عەدادەكەی سفر دەبێتەوە واتە ڕیفرێش- تازە دەبێتەوە وەكو وایە جارێكی تر متمانەی وەرگرتبێتەوە لەبەر ئەوە ئەسڵ ئەوەیە كە ئێمە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پەرلەماندا بكەین بەڵام نەبۆتە عادەت لە سی ساڵی ڕابردوودا یان لە بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا جگە لەو حاڵەتەی دكتۆر بەرهەم هاتووە بە ناوی پرساندن هیچ كەسێكی تر نەهاتووە پەرلەمان".

د. ڕێواز ڕاشیگەیاند" بابەتێكی تر مەسەلەی چاودێری و هاتنی وەزیرە، وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم هەم لەسەر داوای پەرلەمانی كوردستان هەم بە دەستپێشخەری خۆیان لە سەرۆك وەزیرانەوە بۆ وەزیرەكان ئەوەندە هاتوونەتە پەرلەمان وایلێهاتووە دەتوانم بڵێم هەموو هەفتەیەك وەزیرێك لە پەرلەمانە یان لە لیژنەكانە یان لە ناو هۆڵی پەرلەمانە، لە چ خولێكی پەرلەماندا ئەوەندە وەزیر هاتۆتە ناو پەرلەمانی كوردستان، ئیشكالیەتی ئەمە لە چیدایە؟"


سەبارەت بەمامەڵەی حیزبەكان و سەركردەی حیزبەكان لەگەڵی، د. ڕێواز روونیكردەوە "لە ئاستی سەرۆكایەتیەكان و سەركردایەتی حیزبی سیاسی بۆ نموونە حیزبەكەی خۆم و هەتا حیزبەكانی تریش ئەو جۆرە كێشەیەم نییە چونكە لە ڕووبەڕوو كە پێكەوە ئیش دەكەین ڕێزێكی زۆر تایبەتم لێدەگرن. من سوپاسی هەر هەموویان دەكەم. بەڵێ گوێشم بۆ دەگرن و ڕاوێژیشم پێدەكەن لە هەندێك لە بابەتە گرنگەكاندا".

دەربارەی رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان وتی" خۆی ئەسڵ ئەوەیە كە ئێمە دەبێت ڕۆڵەكەمان ڕۆڵێكی كاریگەربێت لەو بوارەدا ئێمە سەرەتاكانی كە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان وەرگرت وەك دەستەی سەرۆكایەتی هەوڵێكی چڕوپڕمان دا سەردانی هەموو حیزبە سیاسیەكان و كەسی یەكەمی حیزبە سیاسیەكانمان كرد و ئامانجمان ئەوە بوو یەكەم لەسەر بابەتی دەستور ڕێككەوتنێك واتە سازانێك لەناو هێزە سیاسیەكانی لە پەرلەمان ئامادەییان هەیە دروست بكەین، دووەم ئەوە بوو كە ئیشەكانی لانی كەم پەرلەمان ئەگەر خۆشی نەبێتە چەتری كۆكردنەوەی لایەنە سیاسیەكان نەبێتە هۆكاری زیاتر لێك دوركەوتنەوە و لێكدابڕانی هێزە سیاسیەكان، لە ڕاستیدا ئیشی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە ئەم ئیشە بكات چونكە پەرلەمانی كوردستان شوێنی جیاوازییەكانە خۆی لە بنەڕەتدا پەرلەمانی كوردستان شوێنی خستنەڕووی جیاوازییەكانە".

وتیشی "ئێمە هەوڵماندا پێكەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت ئەم پەیوەندیانە ئاسایی بكەینەوە بەڵام هەست دەكەم تێكچوونی پەیوەندی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەكان و بە دیاریكراوەیی هەندێك هەڵچوون و داچوون كە لە پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتیدا هەیە لە ئێمە گەورەترە".

سەبارەت بەوەی ڕۆڵیان چی بووە لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بۆچی لە پێش ڕێككەوتندا بۆچوونی پەرلەمان لەسەر ڕێككەوتنەكە وەرنەگیرا؟ وەڵامەكەی د. ڕێواز بەم جۆرە بوو" ئەو زانیارییە دەمەوێت ڕاستبكەمەوە لیژنەی دانوستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێمە پێمانوایە دەسەڵاتی دانوستان بە دیاریكراوەیی لەسەر مەسەلەی بودجە چونكە ئیلتیزام و ئەرك و مافیش دروست دەكات لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی خۆیانە و خۆیان دەچن بۆ دانوستانكردن تەنها سەرۆكی وەفدی دانوستانكار بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە ئێمە كردبوو كە ڕێگە بدەین بە سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوەی سەر بە پەرلەمانی كوردستانە هاوەڵیان بكات لە وەفدی دانوستكاردا، ئێمەش ڕاستەوخۆ ڕازی بووین بۆ ئەوەی هاوەڵیان بێت سەبارەت بەوەی چەندجار هاتوونەتە پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە پێنج جار سەبارەت بە بابەتی دانوستان حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتونەتە پەرلەمانی كوردستان جارێك لە لیژنەی دارایی دووجار لە ناو هۆڵی پەرلەمان هاتوون جارێكی تر هاتوون بۆ لیژنە پێش ئەوەی كە ڕێككەوتن بكەن لە سەرەتای مانگی یەكدا بوو، دوای ئەوەش ڕێككەوتنیان كردووە هاتوون، واتە وەفدی دانوستكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاگاداركردنەوەی پەرلەمان لە بەڕێوەچوونی دانوستان زۆر زۆر ئێمە لێیان ڕازین و سوپاس و ستایشیان دەكەین لەبەر ئەوەی لە هیچ قۆناغێك نەبووە ئێمە داوایان لێبكەین بێنە پەرلەمان و باسی ئەو بابەتە بكەن و نەیەن".

سەبارەت بە پەسەندنەكردنی بودجەی هەرێم لەساڵانی رابردوو، سەرۆكی پەرلەمان وتی   "بۆ خۆم پێموایە و ڕۆژی دووشەممەش ئەوەمان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتووە لەبەر ئەوەی شەش حەوت ساڵە پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندنەكراوە كە ئەمە تا ئەوپەڕی نایاساییەو یاسا شكێنیە لە هەرێمی كوردستاندا كراوە هەم بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە دەستكەوت و دەبێتە سەرەتایەك بۆئەوەی جارێكی تر حكومەت دەست بە ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بكات و لای ئێمەوە گفتوگۆ بكرێت و پەسەند بكرێت چونكە تەنانەت لە خراپترین دۆخی هەرێمی كوردستاندا پرۆژە یاسای بودجە هەبووە و پەسەندكراوە ئەگەر شكڵیش بوو بێت".

سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچە لە فەرمانبەرانی هەرێم وتی" زیاتر لە ڕێگەیەك هەیە بۆ ئەمە، ڕێگەیەكیان ئەوەیە كە ئێمە قسەی خۆمان بكەین، لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان قسەی خۆیان بكەن لە كۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی كوردستان قسەی خۆی وتووە بە حكومەت لەو بارەیەوە كە ئێمە پێمان باشە لێبڕینی مووچە لاببرێت و مووچەخۆری هەرێمی كوردستان بێگومان ئەوە لیژنەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەو قسەیان كردووە لەگەڵ زیادبوونی داهاتەكان و لەگەڵ ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق دەبێت ئەم لێبڕینە نەمێنێت ئەمە ئالیەتێكە."


د. ڕێواز فایەق جەختیكردەوە" ئەم كابینەیە ئەگەر دەیەوێت ئیشێكی جیاواز بكات لە كابینەكەی پێش خۆی ئەسڵ ئەوەیە كە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە دووتوێی پرۆژە یاسای بودجەدا بنێرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان، وە هەنگاوێكی جیاواز بنێت كە ڕۆژی دووشەممە جەختیانكردەوە كە بەڵێ پڕۆژە یاسای بودجە دەینێرن باوەڕی خۆشم وەهایە ئەگەر تا ئێستا نەیان ناردبێت ئەگەر بینێرن دەبێتە پرۆژە یاسای بودجەی دوو ساڵ چونكە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی ئاسان نابێت و بە ئاسانیش لەناو پەرلەمانی كوردستان تێناپەڕێت."

سەبارەت بە ڕەخنەی بەشێك لە پەرلەمانتاران كە دەڵێن كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەسەر بابەتی گرنگی وەك لێبڕینی مووچە نییە بەڵكو لەسەر بابەتی ترە، سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت" لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە لەم خولە نییە لە خولی پێشوویش هەبوو كەسیش هیچی پێنەكرا و پەرلەمانیش هیچی پێنەكرا بڕەكەشی زۆر لە ئێستا زیاتربوو لەبەر ئەوە قسەكردن لەسەر ئەم خولەی پەرلەمان تەنها لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە بێویژدانیەكی گەورەیە پەرلەمانتار كە ئەو قسانە دەكات پەرلەمان هیچی پێناكرێت جارێ بە پلەی یەكەم زیانێكی زۆر لە خۆی دەدات چونكە بەشێكە لەو دامەزراوەیە و هەموومان حەزدەكەین لێبڕینی مووچە نەمێنێت، ئەوەی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە ئەوەیە كە وتم هەموو شتێك لە پەرلەماندا بە دەنگدانە، دەنگدانیش بە ژمارەیە ئیتر زۆر لەسەر ئەو بابەتە ناڕۆم بە ڕاستی دەنگدان بە ژمارەیە و ڕوونیشە نەخشەی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستاندا دەرئەنجامی هەڵبژاردن چۆن بووە، ئەوە من نیم كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانم بەو شێوەیەی ئێستا قبوڵ كردبێت ئەوە حەقیقەتێكە."

د. ڕێواز وتیشی" خولی پێشووش كە ئێمە ئەندامی پەرلەمان بووین و پاشەكەوتی مووچە كرا پرۆژە یاسا هەر دەڕۆیشت لە پەرلەمانی كوردستان دواجار كە پەرلەمانتار تەواو دەبێت خەڵك هەڵسەنگاندنی پەرلەمان بەوە دەكات چەند بۆشایی یاسایی لە هەرێمی كوردستاندا پڕكردۆتەوە چونكە ئەم بابەتی لێبڕینی مووچەیە بە ڕۆژێك كۆتایی دێت خۆ من ناتوانم ئەو كاتە بە خەڵك بڵێم وەڵا كە من سەرۆكی پەرلەمان بووم ئەندامانی پەرلەمان نەیاندەهێشت دانیشتەكانی پەرلەمانی كوردستان بكرێت ڕێگربوون لەوەی دانیشتن بكرێت، هەرچەندە ئەگەر نەنگیەك بێتە سەر پەرلەمان لەبەرئەوەی نەیتوانیووە هەندێك بۆشاییە یاساییەكان پڕبكاتەوە تەنها بۆ سەرۆكەكەی نییە بۆ ئەو ئەندامانەشە ئەندامی ئەو خولەی پەرلەمانی كوردستان بوون لەبەر ئەوەی ئێمە بڕیارێكی خۆمانداوە لە پاڵ ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین لە بابەتە گرنگەكانی ڕۆژ لە هەمان كاتدا پرۆسەی تەشریع زیاتر پەرەپێدەین و گرنگی پێدەدەین و لە كوێدا بۆشایی یاسایی هەبێت ئەو ئیشەی تری خۆشمان دەكەین چونكە بودجە گرنگە، چاودێری گرنگە، وە دەركردنی یاساش گرنگە ئێمە دواجار ناومان دەسەڵاتی یاسا دانانە لە هەرێمی كوردستان."


PM:12:06:15/04/2021