سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە هێرشەکەی هەولێر دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە پەیامێکدا داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی فڕۆکەخانەی هەولێر و باشیک دەکات.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆک وەزیران داوایكردووە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە پەلامارەکەی هەولێر و ناوچەکانی دیکە بکرێت".

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە کازمی جەختیکردۆتەوە، ئاسایشی عێراق بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانە بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارانە لە مانگی رەمەزاندا ئامانج لێیان تێکدانی ئاسایشی وڵاتە.

وتیشی" هەندێک کەس و لایەن دەیانەوێت پشێوی و ناسەقامگیری ئەمنی دروستبکەن، ئەمەش کارێکی رەتکراوەیە و شانبەشانی گەلی عێراق و بە هێزی یاسا روبەڕوی دەبنەوە".

شەوی ڕابردوو هێرشی موشەکی کرایەوە سەر فڕۆکەخانەى هەولێرو لەوبارەیەوە وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێمیش رایگەیاند" هێرشەکە بە ڕێگەی  درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە، لێکۆلینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی درۆنەکە".


PM:12:20:15/04/2021