وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنن" لەسەر فه‌رمانی مسته‌فا كازمی لیژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و سزادانیان ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردوه‌".

له‌راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان و عێراق ئاماژەیان بەوەکردووە" لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌فه‌رمانی مستەفا کازمی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق پێكهێنراوه‌ بۆ ئاشكراكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له‌و په‌لامار و هێرشانه‌ تێوه‌گلاون تا راپێچی دادگا بكرێن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەولێر و ناوچەکانی دیکە، هێرشی تیرۆریستین و ئامانج لێیان تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نانەوەی دووبەرەکییە.

باسیان لەوەشکردووە، ئەو هه‌ماهەنگی و هاوكاری و یه‌كترته‌واوكارییه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان و رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دۆخی ئەمنی تێکدەدەن.

شەوی ڕابردوو هێرشی موشەکی کرایەوە سەر فڕۆکەخانەى هەولێرو لەوبارەیەوە وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێمیش رایگەیاند" هێرشەکە بە ڕێگەی  درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە، لێکۆلینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی درۆنەکە".


PM:11:10:15/04/2021