نێچیرڤان بارزانی: دەبێت کێشەى سووریا لە ڕێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت

ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند" دەبێت کێشەى سووریا لە ڕێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت". 

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشنوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەیڤید براونشتاین، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ سووریا کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا کونسولى گشتیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سووریا بەگشتى و ئەرکى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش، ئامادەییى هێزە نێودەوڵەتییەکان، دۆخى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا، گرنگیى سەقامگیرى، گفتوگۆى لایەنە کوردییەکان و پرسى کورد لەو وڵاتە تاوتوێ کرا.

نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە چارەسەریى دۆخى ئاڵۆزى سووریا بە شەو ڕۆژێک ناکرێت و ڕێگەى سەربازى چارەسەر نییە، دەبێ کێشەى سووریا لە ڕێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت، دەربارەى پرسى کوردیش لەو وڵاتە ڕوونیکردەوە کە پرسى کورد دەبێ لە چوارچێوەى سووریادا چارەسەر بکرێت.

دەربارەى ئەرکى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیش، براونشتاین جەختى لەوە کردەوە کە هێشتا داعش لە سووریا مەترسییەکى ڕاستەقینەیە و بۆ ئەوەش ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە هاوکارى و پشتیوانیکردنى هێز و لایەنە هاوپەیمانەکانى لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بەردەوام دەبێت.


PM:02:14:18/04/2021