فازڵ نەبی: عێراق هەفتەی داهاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەکات، پشكی هەرێمیش رەوانە دەكرێت

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت" ئەو پارەی لە بەغداوە دێت بۆ هەرێم زۆرنییە و مانگانە ۷٥ بۆ ۱۰۰ ملیار دینار بۆ هەرێم دێت". دەشڵێت" حکومەتی عێراق ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەکات، پشكی ھەرێمی کوردستانیش رەوانە دەكات". 

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند" ئەو پارەی لە بەغداوە دێت بۆ هەرێم زۆرنییە و مانگانە ۷٥ بۆ ۱۰۰ ملیار دینار بۆ هەرێم دێت".

وتیشی" ئەگەر هەرێم و بەغدا بیانەوێت بە نیو کاتژمێر دەتوانن ئەو بڕە یەکلابکەنەوە کە بۆ هەرێم دێت". 

فازڵ نەبی باسی لەوەشکرد، پێویستە شاندێکی هەرێم بچێتەوە بەغدا، بۆئەوەی فشار بکرێت بە زووترین کات پشکی هەرێم بنێرێت.

لەبارەی کاتی هاتنی پارەکەشەوە، بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق وتی" حكومەتی عێراق ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەکات و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت، چونكە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە و دەركردنی رێنمایی بۆ بودجە تەواو دەبێت.


PM:04:10:18/04/2021