موقتەدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گەیشتە هەولێر

شاندێكی باڵای رەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گەیشتنە هەولێر.

بەپێی هەواڵێكی رووداو، لەمبارەیەوە ئەمیر تاهیر كینانی، ئەندامی شاندی باڵای رەوتی سەدر راگەیاند: "بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و دانیشتنی پەرلەمانی نوێ، كە بڕیارە لە 1ـی تەمموز بەڕێوەبچێت، سەردانی هەرێمی كوردستانمان كردووە، پێشبینش دەكەم زۆربەی فراكسیۆنەكان ئامادەی كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان بن".

وتیشی: "تاوەكو ئێستا لەسەر هەڵوێستی خۆمانین و دژی ویلایەتی سێیەمی مالیكین، چونكە پێویستیمان بە گۆڕانكاری بنەڕەتی هەیە. بۆیە پێویستە پەیڕەویش بگۆڕدرێ نەك تەنها رووخسارەكان، هەروەها هاوپەیمانی نیشتیمانی دژی كاندیدكردنەوەی مالیكییە، ئەگەر مالیكیش پێداگریی لەسەر هەڵوێستی خۆیكرد، ئەوكات ناچار دەبین لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەكانی دیكەمان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رێكبكەوین".



PM:02:04:29/06/2014