قوباد تاڵەبانی دەکرێتە سەرۆکی نوێی هاوپەیمانی کوردستانی ( نوێکراوەتەوە )

لە کۆبوونەوەی بالآی نێوان یەکێتی و گۆڕان کە ئەمڕۆ لە سلێمانی سازکرا، قوباد تاڵەبانی کرا بە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی نێوان یەکێتی و گۆڕان. لیستی هاوپەیمانی کوردستانیش لەو بارەیەوە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.

بافڵ تاڵەبانی و ماڵی مام جەلال بەردەوامن لە گۆڕانکاری لە پۆستە حیزبی و حکومییەکان و لە نوێترین ئەو زانیاریانە وەلانانی لاهور جەنگی و، دانانی قوباد تاڵەبانییە بە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق کە بڕیارە ١٠ تشرینی یەکەم سازبکرێت.

هەرچەندە لەو کۆبوونەوانەی لە نێوان هەردووە هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهور جەنگی داوای کردبوو لە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کوردستان بێمنێتەوە تا دوای هەڵبژاردن، بەلآم بافڵ تاڵەبانی پەسەندی نەکردبوو، هەر ئەمڕۆش لاهور جەنگیان لەو پۆستەش دوورخستەوە. 

لەو راگەیاندنەدا هاتووە"  یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان   ئەمڕۆ پێنجشەممە(٢٩/٧/٢٠٢١)، کۆبوونەوەی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی ئەنجامدرا.  تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاریی و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ھاوڵاتیان".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا و ھەردوولا جەختیان لە پشتگیریکردنی ناوبراو و سەرخستنی ھاوپەیمانیەتییەکە کردەوە. لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە کاراکردنی لیژنەکانی هەڵبژاردن و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و چڕکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا.‎





PM:01:35:29/07/2021