بەیانی بارزانی لەپەرلەمان چی دەڵیت؟ سپی زانیاری تایبەت بڵاودەکاتەوە

‌بارزانی لەپەرلەمان چی دەلێت؟
وابڕیارە بارزانی سبەی ٥ شەممە ٣ی تەموز لەپەرلەمانی کوردستان وتارێک لەسەر بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکان بخوێنێتەوەو کۆمەڵێک پێشنیار بخاتە بەردەم پەرلەمان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا کەوتووە چوونی بارزانی بۆ پەرلەمان بەو مەبەستەیە کە رۆڵ بدات بە دەزگای پەرلەمان وەک دەزگایەکی شەرعی خەڵکی کوردستان کە ئەو خاوەنی بڕیارە چارەنووسازەکانە لەم بارودۆخە ناسکەدا.
سپی زانیویەتی کە بارزانی لە وتارەکەیدا باس لەو دراوە نوێیانەی پاش ١٠ حوزەیران دەکات کە سووپای عێراق لە موسڵ شکاو، ئەو بارودۆخە نوێیەی لەدوای ئەو رووداوەوە لە عێراق و کوردستان هاتۆتە ئاراوە کە هەلومەرجێکی زۆر پۆزەتیڤی بۆ کورد هێناوەتە پێشەوە.
ئەو لە وتارەیدا باس لە چوونی پێشمەرگە و جێگیرکردنیان لە ناوچە جێناکۆکان دەکاتەوەو جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێشمەرگە لەو ناوچە کوردستانیانە ناکشێتەوە. هەروەها باس لە یەکرێزی هێزە کوردستانییەکان دەکات.
بەپێی ئەو زانیاریانە، بارزانی تیشک دەخاتە سەر مەسەلەی ریفراندۆم بۆ سەرتاسەری هەرێم و بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و مەسەلەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە هەیە.
لە وتارەکەیدا بارزانی داوا لەپەرلەمانی کوردستان دەکات کات دیاریبکەن و کار ئاسانی و میکانیزم دابنێن بۆ هەردوو ریفراندۆم لەژێر سەرپەرشتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
سپی زانیویەتی کە بارزانی لەو دانیشتنەی پەرلەمان، باس لەو پاڵپشتییە نیودەوڵتییە دەکات کە لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت، بەبێ چوونە وردەکاری و ناوهێنانی وڵاتانەوە ( لەبەر هەستیاری هەڵوێستی وڵاتە دۆستەکانی کورد کە پشتگریی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان دەکەن ).
تێکڕای قسەکانی بارزانی بەراستەوخۆ لە میدیاکانەوە پەخشدەکرێتەوە.



PM:07:53:02/07/2014