بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی ناگەڕێتەوە بۆ پێش هەشتی تەموز


بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفزیۆنەکانی کوردستان رایگەیاند " "گەڕانەوە بۆ پێش هەشتی مانگ [مانگی تەممووز] نییە".

هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا کە چەند رۆژی پێشتر بۆ ژمارەیەک تەلەفزیۆنە کوردیەکانی هەرێم سازکرابوو، ئەمشەو کاتژمێر ٩ لە کەناڵەکانەوە پەخشکرا تیشکی خستە سەر کێشەکانی یەکێتی و رووداوەکانی پێش ٨ ی تەموز و دوای ئەو بەروارە.

لە میانەی قسەکانیدا وتی کێشەکان تەواوبووە( بەو مانایەی لاهور جەنگی کۆتایی هاتووە لەرووی سیاسیەوە)، هەروەها وتیشی" لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی، هیچ نزیک نەبووینەتەوە و هیچ دانیشتنێکمان ئەنجامی باشی نەبووە، بڕوا ناکەم بتوانین بە کۆبوونەوەی داخراو کێشەکان چارەسەر بکەین".

هاوسەرۆکی یەکێتی بە راشکاوی جەختی کردەوە " لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکێکی "بێدەسەڵاتە" و بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن ناکات".

لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی ژەهرخواردکردنیەوە رایگەیاند "من دەرمانخوارد کراوم و بەڵگە و دانپێدانانی خەڵکم هەیە".
 
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکردن" لە ٢٥ ی تەموز1 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوای لە لاهوور شێخ جەنگی کرد لە ٧٢ کاتژمێردا هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، بڕیارەکە بۆ لاهوور شێخ جەنگی نێردرا و بڕیارەکەی بە دڵ نەبووە و وتوویەتی، ( سەرکردایەتیی یەکێتی دەبێت داوای لێبکەن). سەرکردایەتیش پێیوت، بەڵام دیارە بڕیاری داوە نەڕوات، چونکە لە ١٢٤ ئەندامی سەرکردایەتی ١٠٤ ئەندام پشتیوانی ئەو بۆچوونە بوو".
 
بافڵ تاڵەبانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوای ئەو گۆرانکارییانە هەڕەشەکردن و جنێودان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کەمبووەتەوە و لەبارەی دۆخی یەکێتی پێش ئەو گۆڕانکارییانەش بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ کەسێک دەڵێت، "ئەنجامی گفتوگۆکردن ئەوە نییە هێز بنێریتە سەر کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی و شەقامەکە دابخەیت و دەرگەکە بشکێنیت و پێڵاوەکەت بخەیتە سەر مێزەکەی و هەزار هەڕەشە و جنێوی بۆ بنێریت"، دەشڵێت، پێش گۆڕانکارییەکان "هێز نێردراوەتە سەر کارگێڕی مەکتەبی سیاسی".( ئاماژەیەکە بۆ ئەو هێرشەی کراوەتە سەر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەو ماوەیەی رابردوودا).
 
دەربارەی پێگەی یەکێتی، جگە لەوەسفی گۆڕان و تەمەناخوازی کە یەکبگرنەوە جەختی لەسەر ئەوەش کردووە کە هەوڵدەدات یەکێتی ببێتە یەکەم، وتیشی "من پێم وانییە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جنێو و بە فەیسبووک بتوانێت لە هیچ حیزبێکی دیکە بباتەوە". هەروەها دەشڵێت، "پێموایە دوای 8ـی مانگ دەرفەت زیاترە بۆ ئەوەی کورد یەکڕیز بێت بە تایبەت لە بەغدا، چونکە بابەتی رقی شەخسی نەماوە لە نێوانمان".
 
بافڵ تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی دەربارەی ٣١ ئاب دووپاتکردەوە.

بافاڵ تاڵەبانی رووداوی ٨ ی تەموزی بە " هەڵوەشاندنەوەی کودەتا " ناوزەد کردو، وتیشی " دەمێک ساڵە لەنێو ئەم حیزبە یەکێتی کودەتا کراوە، باسی لاهوور دەکەیت، لاهوور دەزگا ئەمنییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەو کودەتایەی کە ئێمە هەڵمانوەشاندەوە".
 
دەربارەی کەشی پێش ٨ ی تەموز بافڵ تاڵەبانی وتی  "دەزانیت ٤٠ بۆ ٥٠٪ـی کادیری یەکێتی نەیدەوێرا بە سیمکارتی ئاسیا قسە بکات، دەزانیت ئەوە چ تاوانێکە.. ئەوە واتەی ئەوەبوو کە متمانەیان بە دەزگای پاراستن زیاتر بوو تاوەکو دەزگای زانیاری، بەش هەبووە لە دەزگای زانیاری کە کاری کردووە لەسەر ئەخلاقی خەڵک لە ناو حیزبەکە".




PM:10:22:03/09/2021