ئامۆژگاری بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، باشترە لەسەر ڕای پزیشكی پسپۆڕی بەڕۆژوو بن، بۆ ئەوەی بەڕۆژوبونەكە كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیان نەبێت.
نەخۆشی فشاری خوێن یەكێكە نەخۆشیە بڵاوەكانی جیهان و بە نەخۆشییەكی درێژخایەن دادەنرێت و پسپۆڕانی بواری تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە دەتوانن بەڕۆژوو ببن، بە مەرجێك ڕۆژووەكە كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیان نەبێت 
پزیشكەكان ئاماژە بەوە دەكەن دەبێت ئەو كەسانە لەم مانگەدا، دەرمانەكانیان بە شێوەیەكی رێكخراو بخۆن، بۆ ئەوەی توشی هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبنەوە.
سەبارەت بە جۆری خۆراك بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی بەرزی فشاری خوێنیان هەیە، پسپۆڕانی خۆراكی داوا لەو كەسانە دەكەن كە بە هەموو شێوەیك دووربن لە خواردنی خۆراكی چەورو سوێر , لە ژەمەكانی پارشێو و بەربانگدا.
هەروەها پێویستە چا و قاوە و خواردنەوە گازیەكان بە بڕی زۆر نەخۆنەوە، بەڵام  خواردنەوەی ڕێژەیەكی زۆری شلەمەنیەكان بە تایبەت ئاو بۆ لەشیان زۆر گرنگە.
سەبارەت بەو كەسانەی كە نەخۆشی دڵیان هەیە، پسپۆڕەكان باس لەوە دەكەن، بەپێی جۆری نەخۆشی ئەو كەسانە بەڕۆژوبوون و بەڕۆژوو نەبوونیان دیاری دەكرێت.
ئەو كەسانەی توشی نەخۆشی ماسولكەی دڵ و خاوبونەوەی دڵ بوون, ئەگەر بارودۆخیان جێگیربێت ئەوا دەتوانن بە ڕۆژوو بن, بە مەرجێ لە كاتی ڕۆژوو شكاندندا خواردنی دەرمانەكانیان بیر نەچێت و كاتەكانی لەگەڵ پزیشكی تایبەتدا ڕێك بكخەن.
هەروەها ئەو كەسانەی توشی دڵەكوتێ بوون بارودخیان جێگیرە دەتوانن بە ڕۆژوو بن بە مەرجێ لە كاتی بەربانگدا خۆراكی چەور نەخۆن , دەرمانەكانیشان لە شەواندا بخۆن.
ئەو كەسانەشی توشی دڵە كوتێ بون و لە ئێستادا بارودۆخیان جێگیر نییە و بە بەردەوامی ئازار لە سنگیاندا هەیە , وا باشترە بە ڕۆژوو نەبن, چونكە زیانی بۆ تەندروستیان دەبێت.



PM:02:45:06/07/2014