سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نیوەی مووچەکەی دەبەخشێتە ئاوارەکانی موسڵ تا ئەو قەیرانە چارەسەر دەکرێت.
سەلیم جبوری رۆژی چوار شەممە لەبەیانێکدا رایگەیاند کە مانگانە نیوەی مووچەکەی دەبەخشێتە ئاوارەکان.
جبوری لە بەیانەکدا دەڵێت " ئێمە قوتابی هەڵسانەوەین، نەک ئارەزوەکانمان".
هەفتەی رابردوو لەکاتی بەسەرکردنەوەی ئاوارەکانی موسڵ لەهەرێم، چەندین خێزان نارەزاییان لەسەر سەردانەکەی سەلیم جبوری دەربڕی و دەسەڵاتدارانی بەغدایان تۆمەتبارکرد کە نە دەتوانێ بەرگریان لێبکات، نە لە ئاوارەیشدا بەکەڵكیان دێت.
بەپێی ئاماری کۆمسیارانی مافی مرۆڤی عێراق لەدوای رووداوەکانی موسڵەوە یەک ملیۆن و ٢٥٠ هەزار ئاوارە هەیەو هەموویان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەو قەیرانە دارایی وئابورییەی کە ئەو ناوچەیە خۆی تیایدا دەژی.