ئا: کامەران محەمەد
زیاتر له 200000 هه‌زار ئاواره‌ی عه‌ره‌ب ڕوویان له هه‌ولێر كردووه و هه‌ندێكیان له كه‌مپه‌كان دانراون و هه‌ندێكیشان هاتونه‌ته ناو شار، گونده‌كانی نیشته‌جێبوون كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه دروستكراون و زۆربه‌یان چۆل بوون، ئێستا پڕن له ماڵه عه‌ره‌ب و خانوو ده‌ست ناكه‌وێت. په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت كڕین و تاپۆكردنی خانوو به‌سه‌ریان، له داهاتوو كێشه دروستده‌كات...
گه‌ڕه‌كه عه‌ره‌بنشینه‌كان.. گه‌ڕه‌كی فه‌لوجه له هه‌ولێره
له ناوه‌ڕاستی هه‌ولێر و به‌دووری چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له دیواری قه‌ڵات، گه‌ڕه‌كێك به‌ناوی گه‌ڕه‌كی عاره‌بان هه‌بووه و تاكو ئێستا ماوه و له‌ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه هیچ ماڵه عه‌رەبێكی تێدا نه‌ماوه و یه‌كێكه له‌گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی شار و خانووه‌كانی له لێواری ڕوخانن.كه‌چی ئێستا و له‌دوای ڕووداوه‌كانی موسڵ، له ده‌وروبه‌ر شاری هه‌ولێر چه‌ندین شاری نیشته‌جێبوون، كه خۆیان له ده‌یان هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌ده‌ن و به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاری و دووری له‌سه‌نته‌ری شاره‌وه، زۆرترین خانوی چۆڵی تێدابووه، كه‌چی ئێستا هه‌مووی ماڵه عه‌ره‌بی تێدایه و كرێی خانوشی تێدا گران بووه.
سه‌بور خالد خاوه‌نی نوسینگه‌ی فرۆشتنی خانوبه‌ره و زه‌وی و زار ده‌ڵێت " هاتنی ئه‌م لێشاوه‌ی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب، خانووی كرێی زۆر گران كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خانوویان به‌سه‌ردا تاپۆ ناكرێت، بۆیه زۆربه‌یان كرێچین، له ناو شار كرێی مانگانه‌ی خانوێكی 100 مه‌تری له 400 دۆلاره‌وه بۆته 800 دۆلار و زۆربه‌ی خزمه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو و نزیك له‌یه‌كتریه‌وه نیشته‌جێ ببن".
گه‌ڕه‌كی توڕه‌ق كه دوا گه‌ره‌كی ڕۆژئاوای شاری هه‌ولێره و زیاتر له هه‌زار خانوو له خۆده‌گرێت و تاپۆیان نیه، لایه‌كی گه‌ڕه‌كه‌كه پڕ بووه له عه‌ره‌ب و ناوی لێنراوه فه‌لوجه، له‌وێ عه‌ره‌به‌كان خانوویان كڕیوه و به‌شێكی زۆریشیان كرێچین. ئێستا گه‌ره‌كی فه‌لوجه له توره‌ق ناسراوه و وه‌كو شوێنی ناساندن به‌كار دێت.
فاروق مه‌حه‌مه‌د ته‌مه‌ن 40 ساڵ خاوه‌نی نانه‌واخانه‌ی ئه‌یمه‌نه و ده‌لێت " نانه‌واخانه‌كه‌م له توره‌قه كه‌وتۆته گه‌ڕه‌كی فه‌لوجه، له‌وێ زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن و هه‌ندێكیان خاوه‌نی خانووی خۆیانن".
سه‌بور پێیوایه هاتنی عه‌ربه ئاواره‌كان جموجۆڵی بازاڕی گه‌رموگوڕتر كردووه و به‌و هۆیه‌وه كڕین و فرۆشتنی كاڵاكان له بازاڕ زیاتر بووه وتیشی " كاریگه‌ری له‌سه‌ر كرێكاره‌كان كردووه و ئه‌وان هه‌رزانتر كار ده‌كه‌ن، ئێستا وه‌ستای دروستكردنی خانوبه‌ره و كرێكار به ئاسانتر و هه‌رزانتر ده‌ستده‌كه‌وێت".
هاتنی ئاواره عه‌ره‌به‌كان بۆ كوردستان زیاتر له شه‌ش ساڵه به‌رده‌وامی هه‌یه، سه‌ره‌تا به هۆی وشكه ساڵیه‌وه له ناوچه‌كانی ڕه‌بیعه و به‌عاج ژماره‌یه‌كی زۆر ڕوویان له هه‌ولێر كرد، له دوای ئه‌مه‌ش هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژی و له شاره‌كانی موسڵ و تكریت و شاره‌كانی تر، ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه، دواجار له به‌ره‌به‌یانی 9 ی یونیو به ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی له عه‌ره‌ب ، كورد ، مه‌سیحی و شه‌به‌ك ڕوویان كرده هه‌ولێر و بازاڕ و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تری ژیان له نێوانیاندا یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون گۆڕانی ته‌واوی به‌سه‌رداهات.ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه زۆینه‌ی نیشته‌جێبووه‌كانی بوونه‌ته عه‌ره‌ب پێكهاتوون له ئاشتی یه‌ك و ئاشتی دوو ، لاوان، هیران ستی 2، بێركۆتی نوێ و توره‌ق. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری مه‌سیحی له موصل و ده‌وروبه‌ری ڕوویان له عه‌نكاوه كردووه و ماڵی وا هه‌یه 3 خێزانی له خۆوه گرتووه و خانوویان ده‌ستناكه‌وێت.
لێشاوی عه‌ره‌ب له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر
ئه‌بو یاسر عه‌ره‌بێكی خه‌ڵكی پارێزگاری ئه‌نباره و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌ترسی كوشتن ماڵ و موڵكی جێهێشتووه و هاتۆته هه‌ولێر و له گوندی سوێری خانوییه‌كی 100 مه‌تری به 400000دینار به كرێ گرتووه، وتیشی " هیواخوازم ئه‌نباریش بهێندرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئێمه له جه‌هه‌نه‌م ده‌ژیاین". ئه‌بو یاسر له‌گه‌ڵ چه‌ند خیزانێكی تری عه‌ره‌ب شاره‌كه‌یان جێهێشتووه و له‌گه‌ڵ كوردێك ڕێككه‌وتون كارگه‌یه‌كی بچوك دامه‌زرێنن بۆ جیاكردنه‌وه‌ی جۆره‌كانی پاشماوه‌ی كاڵای به‌كار هێنراو، وه‌ك نایلۆن و لاستیك و باغه، ئینجا فرۆشتنه‌وه‌ی به كارگه‌ی گه‌وره‌تری توانه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت " له‌ناو شار خانوومان ده‌ستنه‌كه‌وت، ناچار له گوند گیرساینه‌وه".
هه‌ر له‌و گونده، خانووی تر هه‌یه به چه‌ند ده‌فته‌رێك فراشراوه و به‌رده‌وامیش عه‌ره‌به‌كان له كڕینی خانون.
هه‌مزه حامد به‌ڕێوه‌به‌ڕی ڕاگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر به گۆڤاری سپی ڕاگه‌یاند، كه به‌ده‌ر له په‌ناهه‌نده‌كانی سوریا ، ژماره‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كانی به‌هۆی توندوتیژیه‌وه هاتونه‌ته هه‌ولێر، ده‌گاته زیاتر له 200000 كه‌س، وتیشی " ئه‌و ڕێژه‌یه كاتیه و كه‌مده‌بێته‌وه، چونكه ئیستا حكومه‌تی ناوه‌ندی ڕۆژانه ئاواره شیعه‌كان له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی تایبه‌ته‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه بۆ خوارووی عێراق ده‌گوازێته‌وه. هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك 350 كه‌س ده‌گرێت و ڕۆژانه 1000 كه‌س به سێ فڕۆكه ده‌گوێزرێنه‌وه".
گۆران ئازاد په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی سه‌وز له په‌رله‌مانی كوردستان له باره‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی نیشته‌جێبوونی عه‌ره‌ب له داهاتوودا وتی " له ڕوی یاساییه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌كی شارێكی تری هه‌مان وڵاتن، ناتوانرێت ڕێگریان لێبكرێت، به‌ڵام كاتێك ژماره‌یه‌كی وا زۆر دێنه ناو شار، خزمه‌تگوزاریان ده‌وێت، به‌یانی قوتابخانه‌ی عه‌ره‌بیان ده‌وێت و مه‌نهه‌جیان ده‌وێت و ده‌بێت له هه‌موو قۆناغه‌كان پڕۆگرامیان بۆ دابنرێت، ئه‌ركیان قورس‌تر ده‌بێت".
سه‌رچاوه‌یه‌ك له پۆلیس له‌و باریه‌وه وتی " له ڕووی ئه‌منیه‌وه ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه كێشه دروست ببێت، جگه له‌مه‌ش ئێستا ئه‌و ژماره زۆره‌ی عه‌ره‌ب ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانێك بكه‌ن، شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كان په‌ك ده‌خه‌ن، ناشكرێت توندوتیژی له دژیان به‌كار بێت، چونكه دونیا چاوی له‌سه‌ر ئه‌وانه".