بارزانی عەرەبەکانی کوردستان دڵنیا دەكاتەوە
گەلی كوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت

‌مەسعود بارزانی - سەلیم ئەلجبووری
مەسعود بارزانی لەدیدارێك لەگەڵ سەلیم ئەلجبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق عەرەبەكانی هەرێمی كوردستانی دڵنیا كردەوە ‌و وتی: گەلی كوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت و پەناگەی هەموو ستەملێكراو و لێقەوماوانە و ئاساییشی ئاوارەكان پارێزراو دەبێت.

بەپێی هەواڵێكی مالپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە 9ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراقی.

لەهەواڵەكدا هاتووە:

ئەلجبووری سوپاسی  بارزانی و گەلی کوردستانی کرد کە پەناگەیان بۆ ئاوارەکان و پێکھاتەکانی عێراق لە کوردستان دروست کردووە و ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە داعش بە ھیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی خەڵکی عەرەب و سووننە ناکات، تەنانەت ژمارەیەکی زۆری عەرەب لە زوڵمی داعش ماڵ و حاڵ و موڵکی خۆیان جێھێشتووە و پەنایان بۆ کوردستان ھێناوە. ئەوان کۆمەڵێک تاوانبارن کە ئامانجیان تێکدانی ژیانی خەڵک و برایەتی و پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی عێراقە.
نوێنەرانی پارێزگا سووننەنشینەکانیش ڕایانگەیاند کە ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە کوردستاندا نیشتەجێن ئامادەن بۆ ئەوەی شانبەشانی ھێزەکانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش بکەن و ناوچەکانیان ئازاد بکەنەوە.
لە بەرانبەردا مەسعود بارزانی ڕایگەیاند گەلی کوردستان سەرباری ئەوەی کارەساتی گەورەی ئەنفال و کیمیابارانی بەسەردا ھاتووە بەڵام ھیچ کات نەیویست برایەتی و پێکەوەژیانی لەگەڵ عەرەبەکان تێکبچێت و یارمەتیی ئەو عەرەب و ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی دا کە لە ناوچەکەدا دەژییان. گوتیشی ‌گەلی کوردستان ھەمیشە شەڕی حکوومەتە زاڵمەکانی کردووە و ھەرگیز لەدژی نەتەوە و خەڵکی مەدەنی نەبووە‌.
بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕەفتارەی لە لایەن ھەندێ گوندنشین و ھۆزی عەرەبی لە شنگار و ڕۆژھەڵاتی موسڵ لەدژی پێشمەرگە و کوردانی ئێزیدی بینرا جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە و دوور بوو لە چاوەڕوانیی ئێمە و ترسی ئەوە ھەیە کە تیرۆریستان لەوەدا سەر بکەون کە دوژمنایەتیی نێوان کورد و عەرەب دروست بکەن.
پەیوەست بە ئەو عەرەبە ئاوارانەی پەنایان بۆ کوردستان ھێناوە بارزانی ڕایگەیاند کە گەلی کوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت و پەناگەی ھەموو ستەملێکراو و لێقەوماوانە و ئاساییشی ئاوارەکان پارێزراو دەبێت.



PM:06:21:09/08/2014