نەجمەدین کەریم داوای دۆخێکی تایبەت دەکات، پارتیش وەڵامی دەداتەوە

پارێزگاری کەرکوک نەجمەدین کەریم لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی نەوت لە ئیستانبوڵ باسی لەوە کرد کە کەرکوک پێویستە دۆخێکی تایبەتی پێ بدرێت، بەرپرسی دەزگای راگەیاندنی پارتیش دەڵێت " پێویستە د. نەجمەدین کەریم ئەو هەڵەیە راستبکاتەوە".

دەقی ڕوونکردنەوەکەی مەحمود محەمەد:
كەركووك بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە
ئێمە لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی هەر ناوچەیەكین لە كوردستاندا، بەڵام تایبەتمەندی لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی، نەك تایبەتمەندیی جوگرافی، كاك دكتۆر نەجمەدین كەریم لە سێیەمین كونگرەی نێوەدەوڵەتیی نەوت و وزە لە ئیستانبووڵ دەربارەی گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەڵێت: "كەركووك دەبێت دۆخێكی تایبەتی بۆ فەراهەم بكرێت لە ناو كوردستاندا، بە هۆی دابەشبوونی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكانەوە كە بەسەر كورد و توركمان و عەرەب دابەش بووە."

كوردستان بە گشتی، جێگای نەتەوە جیاواز و ئایین و ئایینزاكان بووە، هەربۆیەش لە سنووری زاخۆ تا خانەقین و مەندەلی، چەندین شوێن هەن كە تێكەڵە نەتەوەیی و ئایینییەكانی تێدا جێ بوونەتەوە و لەمەودوایش دوور لە دەستتێوەردانی بەغدا، كورد پێكەوەژیان بە گوێرەی تێگەییشتنی خۆی بەرنامەڕێژ دەكات، چونكە ئەگەر لەمەوبەر لێرەو لەوەێ،‌ رووداوێك رووی دابێت یان نیگەرانییەك بۆ لایەك دروست بووبێت، هیچ گومانمان نییە كە بەشێكی ئەو یاسا و رێسایانە بوون كە دەسەڵاتدارانی بەغدا سەپاندبوویان، یا ئەوەتا بە فیت و پیلانی ئەوان ئەو رووداوە یان نیگەرانییە دروست بووە. ئێستا ئەگەر سەیری چۆنیەتیی ژیان و بەشداریی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بكەین، لە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا، یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانێكی ئاسایی دەبینین. توركمان و كلدان سریان ئاشووری و عەرەب لە ڕووی نەتەوەیی و، موسڵمان بە شیعە و سوننەیەوە و كرستیان و ئێزدی لە رووی ئایین و ئایینزاییەوە، دەبێ‌ خاوەنی تەواوی مافەكانیان بن، ئەوەی تاوەكو ئێستا لەم رووەوە نەكرابێت دەبێ بكرێت، ئەوەتا لە دوو رۆژی رابردوودا خوێندنەوە بۆ دوو پڕۆژەیاسای تایبەت بە نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان لە پەرلەمان كراوە. كورد، هیچ زیانێك لە دابینكردنی مافەكانی ئەو هاووڵاتیانە ناكات، ئەمانە خەڵكی ئەم وڵاتەن و لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكدا هاوبەشن... من لێرە بە باشی دەزانم كاك دكتۆر نەجمەددین ئەم هەڵە بەكارهێنانەی ئەو رستەیە ڕاست بكاتەوە كە دەڵێ، دەبێ‌ كەركووك دۆخێكی تایبەتی بۆ فەراهەم بكرێت...

ڕاستەكەی ئەوەیە كە بگوترێت هەموو نەتەوەكانی غەیرەكوردی كوردستان و، هەموو باوەڕدارانی غەیری موسڵمانی كوردستان لە سەرتاسەری كوردستاندا دۆخێكی تایبەتیان بۆ فەراهەم بكرێت، كە بە تەواوی ماف و ئازادییەكانیان شاد بن وەكو كوردانی هاونیشتمانیان، نەك دۆخی تایبەت بۆ كەركووك یان سلێمانی، یان هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە، چونكە توركمان و عەرەب و كلدان سریان ئاشووری لە سەرتاسەری كوردستاندا هەن و داواكاریی خودی ئەو هاووڵاتیانەیش هەر ئەوەیە. كرستیان لە پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك و هەولێر و سلێمانی و كەركووكدا هەن، ئێزدییش لە چەندین پارێزگادا هەن، هەروەكو لە كەركووكدا عەرەب هەن، لە بەشێكی هەولێر و دیالە و دهۆكیشدا هەن.

خەڵكی كەركووك تەحەممولی ئەو هەموو نەهامەتیانەی كردووە بۆ ئەوەی شارەكەیان بگەڕێتەوە ناو باوەشی نیشتیمانەكەی كە كوردستانە، هەر وەكو خەڵكی پارێزگا و قەزا و ناحیە و گوندەكانی دهۆك و هەولێر و هەڵەبجە و سلێمانی، لە شنگالەوە تا خانەقین و مەندەلی، قوربانییان داوە بۆ ئەوەی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بگەڕێنەوە سەر كوردستان.
بەڵی و سەدجار بەڵی بۆ مافی تەواوی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزایی هەمووان لە سەرتاسەری كوردستان هاوتای كورد، بەڵام بۆ دۆخی تایبەتی جوگرافیی پارێزگا یان قەزا یان ناحیە، لێكدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت، دەكرێت خوێندنەوەیەكی پڕۆژەی دەستووری كوردستان بكرێت، كە لە دوو ماددەیدا زۆر بە ڕوونی و ڕاشكاوانە دان نراوە بە ماف و ئازادییەكانی نەتەوەیی و ئایینی ئەو خوشك و برایەنە.



AM:10:20:05/09/2014