سەنتەری میترۆ بەشداریی چالاكییەكی گرنگی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە سەنتەری میترۆ بەشداریی چالاکییەکی گرنگی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان  لە پایتەختی وڵاتی تونس  دەكات كە لەو چالاكییەدا نوێنەرانی زۆرێک لە وڵاتان لەخۆ دەگرێت.

لەمبارەیەوە رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بەمجۆرە باسی ئەو چالاكییە دەكات: بەشداریمان لەم چالاکییە بە پێی داوەتنامەیەکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە. کە بڕیارە دوو رۆژ (28 و 29ی تشرینی دووەم) بەردەوام بێت. بە پێی ئەجێندای چالاکییەکە تایبەت بە کۆبونەوەیەکی فراوانی "راوێژکاری هەرێمی" سەبارەت بە بارودۆخی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ .

بە پێی ئەجێندای کۆبونەوەکە چالاکوان و بەرپرسانی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان ئامانج و شێوازەکانی کاریان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ وچالاکوانی ئەم بوارە دەخەنە ڕوو. قسەو باس لەو هەڕەشانە دەکرێت کە لە ناوچەکە روبەڕوی چالاکوانەکان دەبنەوە. ِسەرباری ئەوەی دەرگا واڵادەکرێت لەباسکردنی بارودۆخی ئەو توێژانەی لە وڵاتانی عەرەبی و باکوری ئەفریقیا هەڕەشەیان لەسەرە.
رۆژێکی کۆبونەوەکە تەرخاندەکرێت بۆ شێوازەکانی کارکردنی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر ئامرازەکان بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری مافی مرۆڤ و کارکردنی چالاکوانانی ئەم بوارە. هەروەها هاوکاری و هاوپشتی رێکخراوەکان بۆ ڕوبەروبونەوەی هەڕەشەو بەربەستەکانی بەردەم مافەکانی مرۆڤ تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە دەبێت.

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو (میترۆ) لە دەیان راپۆرتی نێوەدەوڵەتی، وەک سەرچاوەیەکی خاوەن متمانەو ڕێکخراوێکی سەربەخۆ، سەبارەت بە ڕەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بە راپۆرت و داتاو ئامارەکانی کراوە. چالاکییەکانی بۆ بەرگری لە ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە میدیای ناوخۆو عێراقی و دەرەوە، گرنگی پێدراوە.


وێستگەیەکی تری ئەم چالاکییە قسەکردنە لەسەر دیاردەکانی دەربازبونی تاوانباران لە سزا. کە لەم چوارچێوەدا ڕۆژنامەنوسان قوربانی دەستی ئەم دیاردەیەن.

ماوەی ساڵێکە سەنتەری میترۆ وەک هاوبەشێک بەشدارە لە پرۆژەی کۆتایی هێنان بە دیاردەی (دەربازبون لە سزا)، کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەروەردەو زانست و ڕۆشنبیری (UNESCO) رایگەیاندوە. ئەم پرۆژەیەی (METRO) بە هاوکاری ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی(IMS)، جێبەجێی دەکرێت و کۆتایی ئەمساڵ لە شێوەی راپۆرتێدا ڕادەگەیەنرێت.


لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان cpj، پەیامنێرانی بێسنوور، رێکخراوی گەلی نەرویژی NPA و رێکخراوی میدیای جیهانی IMS بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە (دیاردەی دەربازبوون لە سزا ) کە دیارترین دیاردەی ژینگەی کاری رۆژنامەنوسییە لە هەرێمی کوردستان، کارمان کردوە.

بێ گومان لە هەموو ئەو چالاکی و بەشداربوانەمان لە راپۆرتی نێودەوڵەتی ئامانجمان نە جوانکردن و نە ناشیرینکردنی ماڵی هەرێمی کوردستان بووە. بەڵکو ویستومانە ماڵی کوردستانیمان وەک خۆی پیشانی دەرەوە بدەین.

ئێستا کە بەشدارین لەم چالاکیەدا (نیوەی پەرداخەکە دەبینین ئاوی تێدایە) یاسای کاری رۆژنامەگەری و مافی بەدەستهێنانی زانیاری و ئازادی رادەربڕین دەبینین. نیوە بەتاڵەکەش دەبینین کە دیاردەی دەربازبون لە سزا و بازدان بەسەر یاساو یەکسان نەبوون لەبەردەم یاسا دروستیکردوە.



PM:01:42:28/10/2014